ئەمڕۆ شەموو چەكدارێكی رێكخراوی داعش كە لە ریزی هێزە تەناهییەكانی سووریا بوو، لە نزیك شاری تەدمور لە ناوەڕاستی سووریا تەقەی لە هێزێكی هاوبەشی سەربازیی ئەمەریكی- سووری كرد، بەو هۆیەوە كوژراوێك و سێ بریندار هەن، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە دڵگرانی بۆ قوربانیان راگەیاند و داوای زیادكردنی هاوبەشیی تەناهی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش كرد.
عەبدی لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس دڵگرانیی خۆی بۆ برینداربوونی ژمارەیەك كارمەندانی تەناهیی سووریا و سەربازیی ئەمەریكا لە رووداوی تەقەكردنی لێیان لە بادیەی سووریا دەربڕی و نووسیویەتی، زیادبوونی ئاستی ئەو هێرشانە پێویست بە خواست و هەوڵی زیاتری هاوبەش لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و شانەكانی دەكات.
بەپێی دوایین زانیاریی لەسەر رووداوی تەقەكردنی لە هێزە هاوبەشەكەی ئاسایشی سووریا و هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە تەدمور لە پارێزگای حمس، ئاژانسی "سانا" رای گەیاند كە بەهۆی هێرشەكەوە كارمەندێكی ئاسایشی سووریا كوژراوە و سێ سەربازی ئەمەریكاش بریندار بوونە.
روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاشكرای كرد كە ئەنجامدەری هێرشەكە، كە كوژراوە، كارمەندێكی تەناهیی سووریا خەڵكی ناوچەكە بووە و سەر بە داعش هەڵگری بیری رێكخراوەكەن بووە.