دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەموو چەكدارێكی رێكخراوی داعش لە شاری تەدموری سووریا هێرشی كردە سەر هێزێكی هاوبەشی ئەمەریكی- سووری، بەو هۆیەوە ژمارەیەك لە ئەندامانی هێزەكەی كوشت و بریندار كرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی لە رێكخراوەكە كرد.
ئەمڕۆ شەموو لە شاری تەدمور لە ناوەڕاستی سووریا چەكدارێكی رێكخراوی داعش هێزێكی هاوبەشی ئەمەریكی و سووری كردە ئامانج و بەر لە كوژرانی، دوو سەرباز و وەرگێڕێكی ئەمەریكی كوشت و سێشی بریندار كرد، جیا لە كوشتن و برینداركردنی ژمارەیەك ئاسایشی سووریا.
ئەمشەو
ترەمپ لە وتەیەكی گوتی، ئەگەر جارێكی تر هێرش بكرێتە سەر هێزەكانی ئەمەریكا، وەڵاممان دەبێت، ئێمە سێ هاووڵاتیی مەزنمان لە بۆسەیەك لە سووریا لەدەست دا و بەو هۆیەوە وڵامی داعش دەدەینەوە.
ئەمڕۆ دوو سەربازی ئەمەریكا و وەرگێڕێك لە بۆسەیەكی چەكدارێكی داعش لە نزیك شاری تەدمور كوژران و سێ سەربازی تریش بریندار بوون، دوای ئەوە تەقەكەرەكە كوژراوە كە سەر بە رێكخراوی داعش بووە، شوون بارنیل گوتەبێژ بە ناوی پنتاگۆن لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، هێرشەكە لە كاتی دیداری سەربازەكان لەگەڵ فەرماندەیەكی باڵای سەربازی رووی داوە، ئەوان لە ئەركدا بونە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی داعش و تیرۆر لە ناوچەكە، هاووڵاتییە كوژراوەكەش وەرگێڕ بووە و ئێستە لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە دەكرێت.