ئەمڕۆ شەموو لە بۆردمانی درۆنێكی ئیسرائیلی رائید سەعد جێگری فەرماندەی گشتیی كەتیبەكانی عزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە غەزە كوژرا، دوای دووپاتكردنەوەی كوشتنی، ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە عزەدین حەداد فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس ئامانجی داهاتوویانە.
ئەمڕۆ درۆنێكی ئیسرائیلی ئۆتۆمبێلێكی لەسەر رێگەی رەشید لە رۆژئاوای كەرتی غەزە بە چوار مووشەك كردە ئامانج، بەپێی هەواڵەكان لەو بۆردمانەدا چوار كەس كوژراون، لەوان رائید سەعد بەرپرسی دروستكردنی چەك و فەرماندەی باڵای سەربازی و دووەم كەسایەتیی باڵی سەربازیی حەماس.
ئەمڕۆ
میدیاكانی ئیسرائیل، لەوانە كەناڵی حەوت لە بەرپرسێكی باڵای تەناهیی ئیسرائیلی گواستەوە كە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە دوای كوشتنی رائید سەعد لە غەزە، كە دووەم كەسی باڵای ناو بزووتنەوەی حەماس و دەستەڕاستی محەمەد زەیف بوو، عزەدین حەداد سەرۆكی باڵی سەربازیی بزووتنەوەكەی خستووەتە ناو بازنەی بەئامانجگرتنی راستەوخۆ، بۆیە لەگەڵ هەڵكەوتنی هەر هەلێك، دەكرێتە ئامانج ئەگەر لەكاتی ئاگربەستیش بێت، وەك ئاماژەیەك بۆ بەردەوامبوونی سیاسەتی كوشتنی بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس سەرەڕای رێككەوتنی ئاگربەست لە غەزە.