هاكان فیدان: نابێ چیتر بەرەنگاربوونەوەی داعش ببێتە هۆی هەژموونی زیاتری كوردەكان

:: PM:03:00:14/12/2025 ‌
هاكان فیدان دوای كوژرانی سەربازانی ئەمەریكی لە سووریا رای گەیاند، ئیسرائیل پاڵپشتیی كورد و هەسەدەیە و لەوێشەوە چاوقایمی وەردەگرن، نابێت چیتر بەرەنگاربوونەوەی داعش ببێتە هۆی هەژموونگەرایی كوردەكان.

 هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، لە نوێترین لێدوانیدا دوای كوژرانی سەربازانی ئەمەریكا لە سووریا ڕای گەیاند: هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە كە ڕێكخستنی پارتی كرێكارانی كوردستان- پەكەكەیە، لە هەناوی یەكینەكانی پاراستنی گەل- یەپەگەوە هاتووە، كورد و هەسەدە بوێری و پشتیوانیی ڕاستەوخۆ لە ئیسرائیلەوە وەردەگرن.

هاكان فیدان ئاماژەی بەوەش دا، نابێ چیتر بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش، كورد و هەسەدە بەهێز بكرێن و ڕێگە بە فراوانبوونی هەژموونیان بدرێت، دەبێ ئیتر كۆتایی بەو پاساوانە بێت و هەمووان بچنەوە پێگەی خۆیان.

 گوتیشی دەبێت كێشەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا كە مەبەستی ڕۆژئاوای كوردستانە، بە ڕێگەی دانوستان چارەسەر بكرێن، بەگوێرەی ڕێككەوتنی 10ی ئادار، چونكە ئەوەی ئێستە هەیە هەڕەشەیە بۆ سەر تەناهیی توركیا.

 ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی توركیا، دوای ئەوە هات دوێنێ لە شاری تەندمور هێرشێكی چەكداری كرایە سەر هێزەكانی ئەمەریكا و سێ كەسیان كوشت.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەوبارەیەوە گوتی، ئەو كەسەی هێرشەكەی كردووە ئەندامی هێزەكانی ئێمە بووە و پێشتر بڕیاری دەركردنی درابوو.
 

 



وشە - سۆران عەزیز