پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی نوێ یەكەم دانیشتن ساز بكات

:: PM:07:27:14/12/2025 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەم دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد، بەپێی دەستوور دەبێت سەرۆك كۆماری عێراق داوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەكە لە ماوەی 15 رۆژ بكات، كە بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندامی نوێ تا هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان ساز دەكرێت.

سعوود ساعیدی سەرۆكی فراكسیۆنی حقووق پێشبینیی كرد كە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق بكەوێتە هەفتەی داهاتوو و عامر فایز سەرۆكی هاوپەیمانی تەسمیم سەرۆكایەتی بكات، بەو پێیەی بەتەمەنترین ئەندامی نوێی پەرلەمانە، روونی كردەوە، دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە، دەبێت سەرۆك كۆمار داوای لە ئەندامانی نوێی پەرلەمان بكات بۆ سازكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان لە ماوەیەك 15 رۆژ تێپەڕ نەكات.

روونی كردەوە، ئێستە عامر فایز سەرۆكی هاوپەیمانی تەسمیم بەتەمەنترین ئەندامی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقە، بۆیە ئەو سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەكات، كە پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو یەكەم دانیشتن ساز بكات.

لە كۆتایی تشرینی دووەمی رابردوو پەرلەمانتار عامر فایز دووپاتی كردەوە كە وەك بەتەمەنترین ئەندامی براوی هەڵبژاردن سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەكات، ئاشكرای كرد كە ئەو بە دوو ساڵ لە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گەورەترە، لەوكاتەی زۆرێك باسی ئەوە دەكەن كە مالیكی بەتەمەنترین كاندیدی براوەیە.  

ئاماژەی كرد، من لەدایكبووی 1948م لەوكاتەی نووری مالیكی لەدایكبووی 1950یە، بۆیە من بەتەمەنترم و دەقە دەستوورییەكانیش باسی ئەوەیان كردووە و پێوەری تەمەن بۆ سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتن پشتی پێ دەبەسترێت، بەپێی دەستوور و پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بەتەمەنترین ئەندامی براوە سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دەكات كە تیایدا دەرگەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك و دوو جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان واڵا دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل