دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەم دادگای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد، ئەمڕۆ ئێوارە هێزە براوەكانی سوننە لە بەغدا كۆ بوونەوە بۆ دیاریكردنی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، هەروەها بڕیارە ئەمشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆ ببنەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار رای گەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لایەنەكانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی، واتە هێزە براوەكانی سوننە، لە ماڵی موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم لە بەغدا كۆبوونەتەوە، ئامادەبووان بریتی بوون لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقودوم و موسەنا سامەرایی و ئەحمەد جبووری سەرۆكی حزبی جەماهیر و سەرمەد كوڕی خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە و سابت عەباسی سەرۆكی پارتی حەسمی وەتەنی، باسی رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان و دابەشكردنی پۆستەكانی سوونەیان كردووە.
لای خۆیەوە فەرمانگەی میدیایی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم هێزەكانی چوارچێوەكە بۆ رێككەوتن و سازان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، كە ئێستە ژمارەیان كەمتر بووەتەوە، كۆ دەبنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی ناو كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ژمارەی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران نۆ كەسە، هەندێكیان ناسراون وەك محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكی و حەمید شەتری و حەیدەر عەبادی و قاسم ئەعرەجی و مستەفا كازمی و هیتریش، چەند سەرچاوەیەك دووپاتی دەكەنەوە كە ركابەرییەكە لە نێوان دوو كانیدی سەرەكییە، ئەوانیش سوودانی و مالیكین، لە حاڵەتی نەگەیشتن بە سازان لەبارەی ئەوانە ئینجا پەنا بۆ ناوەكانیتر دەبرێت.