لە سەركردە مەیدانییەكانی بزووتنەوەی حەماس كێ ماوە؟

:: PM:08:45:14/12/2025 ‌

لە دوای هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی 2023ی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو بزووتنەوەیە گەوەترین گورزی لە مێژووی خۆی بەر كەوت، كاتێك ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە سیاسی و فەرماندە سەربازییە كارگەرییەكانی لەدەست دا، جیا لەو زیانە گەورە سەربازییەی بە شەڕوان و كەرەستە سەربازییەكانی كەوت و كەرتی غەزە بووە وێرانە و دەیان هەزار فەلەستینی كوژران و ئاوارە بوون، بەڵام وەك فەرماندەی سەربازی حەماس كێی ماوە؟

دوێنێ درۆنێكی ئیسرائیلی رائید سەعد دووەم كەسایەتیی باڵای ناو باڵی سەربازیی حەماسی كوشت، جیا لە گیانلەدەستدانی محەمەد ئەبو حوسێن بەرپرس لە دەزگەی هەواڵگریی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس دوای برینداربوونی بەر لە 10 رۆژ، بەوەش جارێكی تر عزەدین حەداد فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس لە كەرتی غەزە بە تەنیا مایەوە، وەك میدیاكانی ئیسرائیل باسی دەكەن.

وەك ماڵپەڕی رۆژنامەكانی "ئیدیعۆت ئەحرانۆت" و "ئیسرائیل هیۆم" باسیان كردووە، لەو فەرماندە سەربازییانەی حەماس كە لە كەرتی غەزە زیندوو ماون، عزدەین حەدادی تەمەن 55 ساڵ و دوایین سەركردەی دیار و دێرینی باڵی سەربازیی حەماس، لە دوای كوژرانی محەمەد سنوار بووە فەرماندەی باڵی سەربازیی بزووتنەوەكە. 

تۆفیق ئەبو نەعیم، 63 ساڵە و بۆ شوێنی یەحیا سنوار، واتە سەركردەی حەماس لە غەزە كاندیدێكی بەهێزە و قوتابییەكی ئەحمەد یاسین دامەزرێنەری حەماس بووە، محەمەد عۆدە یەكێكە لە سەركردە كەمە زیندووەكانی حەماس لە غەزە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بووە، حوسێن فەیاز فەرماندەی كەتیبەی بەیت حانوون، ئیسرائیل لە ساڵی رابردوو كوشتنی لە تونێلێك راگەیاند، كەچی دواتر لە كاتی ئاگربەست بینرا و قسەی كردووە.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل