ئەنجومەنی باڵای دادوەری وادەی پێكهێنانی سێ دەسەڵاتەكە دیاری دەكات

:: PM:09:22:14/12/2025 ‌

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد، كە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هاتبووە سازكردن، هاوكات لەگەڵ ئەو كێبەركێ و بینە و بەردەی لە ناو هێزە سیاسییەكانی هەموو پێكهاتەكان هەیە لەسەر پۆستەكانی بەریان دەكەوێت، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق نووسراوێكی بڵاو كردەوە و وادە دەستوورییەكانی پڕكردنەوەی پۆستەكان بە وردی دیاری كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق نووسراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا رووناكی خستە سەر چوارچێوە و وادە دەستوورییەكانی دیاریكردنی هەر پۆستێك و ئەو ماوەی پێویستە قۆناغەكان كۆتاییان بێت، واتە ماوەی پێویست بۆ پێكهێنانی سێ دەسەڵاتەكە، ئەوەش لەسەر بنەما مادە و دەقە دەستوورییەكان.

بەپێی نووسراوەكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بەپێی مادەی 54ی دەستوور، هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی لە ماوەی 15 رۆژ لە وادەی پەسندكردنی دادگای فیدراڵی دەبێت بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن، واتە 14ی كانوونی یەكەمی 2025، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ لە ماوەی 30 رۆژ لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی دەبێت، ئەوەش بەپێی مادەی 72ی دەستوور. 

نووسراوەكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی كرد كە راسپاردنی سەرۆك وەزیران دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ بە 15 رۆژ، پێكهاتنی حكوومەتی نوێش دەكەوێتە ماوەی 30 رۆژ لە راسپاردنی سەرۆك وەزیران.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل