سوننە خۆیان یەكلا كردەوە و داوای دانیشتنی پەرلەمان دەكەن

:: PM:09:41:14/12/2025 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەم دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد، كە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هاتبووە سازكردن، ئەمشەو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە لە بەغدا كۆ بوونەوە و بابەتی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانیان تاوتوێ كرد، پێ دەچێ سوننە خۆیان یەكلا كردبێتەوە، بۆیە داوایان لە سەرۆك كۆمار كرد وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دیاری بكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنەكە كە ئەمشەو كۆبووەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە بارەگەی موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەركردەی حزب و هاوپەیمانەكانی پێكهاتەی ئەنجوومەنەكە كۆبوونەوەیەك هاتە سازكردن، سەرەتا پیرۆزبایی پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە لایەن دادگای فیدراڵی و ئینجا ستایشی هەوڵەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرا.

روونی كردەوە، بەشدارانی كۆبوونەوەكە تاوتوێی بەركەوتەكانی هەڵبژاردن و دەستوورییەكان و دیدی ئەنجوومەنەكەیان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و بەرنامەكەی و كێشەكانیان كرد، بە گرنگیان زانی لە پێوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشە سەرەكییەكان بەردەوام بن و پەلە لە پێكهێنانی حكوومەت بكرێت، ئەنجوومەنەكە داوای لە سەرۆك كۆمار كرد بۆ پەلەكردن لە دیاریكردنی وادەیەك بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی، پێشنیازیش كرا وادەكە بەر لە رۆژی 25ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل