هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: ئەنجامدەری كردەوە تیرۆریستییەكەی تەدمور سەربە حكوومەتی دیمەشقە

:: PM:01:33:15/12/2025 ‌
فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سووریا ڕای گەیاند، "ئەنجامدەری كردەوە تیرۆریستیەكەی تەدمور، ڕاستەوخۆ سەربە حكوومەتی دیمەشقە. دەشڵێت، "هاوبەشی سەرەكیمان هەسەدەیە".

كیڤن سی لیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سووریا پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت، "ئەنجامدەری كردەوە تیرۆریستییەكەی تەدمورمان دەستنیشان كردووە، ڕاستەوخۆ پێوەندیی بەدیمەشقەوە هەبووە".

دەشڵێت، "بیابان ‌و بادیەی تەدمور بووەتە جێگەیەكی ئارام‌ و گرنگ بۆ تیرۆریستان، بۆیە دەست دەكەین بەلێدانی جومگە و حەشارگە و سەرانیان بەبێ جیاوازی".

فەرماندە باڵاكەی ئەمەریكا باسی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ی كردووە و دەڵێت، "هاوبەشی سەرەكیمان هەسەدەیە، بڕیاری ئەمەریكایە كە هاوكاری و هاوئاهەنگیمان بەردەوام دەبێت".

دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ناوەڕاستی سووریا و ڕۆژێك دوای ساڵوەگەڕی ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووری، چەكدارێك هێرشی كردە سەر هێزەكانی ئەمەریكا و بەهۆیەوە دوو سەرباز و وەرگێڕێكی ئەمەریكی كوژران.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا گوتی ئەو بكوژە سەر بەهێزەكانی حكوومەت بووە، هاوكات وەزیری دەرەوەی توركیاش دژی هاوپەیمانیی ئەمەریكا و كورد لە ژێر ناوی  بەرەنگاربوونەوەی داعش رای گەیاند، ئەو بابەتە هەژموونی كورد زیاتر دەكات.



وشە - سۆران عەزیز