حكوومەتی عێراق چەند بڕیارێك بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان دەدات

:: PM:06:15:15/12/2025 ‌

شارەزایان ئاماژە دەكەن دۆخی دارایی عێراق باش نییە و ئەو وڵاتە روو لە دۆخێكی خراپتر دەكات لە سایەی كەمبوونەوەی نرخی نەوت و سیولە و زیادبوونی كورتهێنانی بودجە و قەرز و سوودی قەرزەكان، بۆیە حكوومەتی عێراق ناچارە چەند رێوشوێنێك بگرێتە بەر، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووریی عێراق چەند بڕیارێكی دا.

وەك نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووری كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی ساز كرد، كە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكوومەت و زیادكردنی داهات، ئەنجوومەنەكە چەند بڕیارێكی گرنگی دەركرد. 

سەبارەت بە كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ئەنجوومەنەكە تاوتوێی پاداشت و مووچەی هەرسێ سەرۆكایەتی كرد، پێداچوونەوەیەكی بەپەلەی بۆ بكرێت و كار بۆ یەكسانكردنی مووچە و دەرماڵەی كارمەندانی سەرۆكایەتییەكانی كۆمار و پەرلەمان لەگەڵ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت، جیا لە نوێكردنەوەی راپۆرتی تایبەت بە یەكخستنی پلەبەندیی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی دەوڵەت.

ئەنجوومەنەكە بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی پارەی تەرخانكراو بۆ ئیفادی فەرمانبەرانی دەوڵەت بە رێژەی 90% و قەدەغەكردنی، تەنیا بۆ پێویستی نەبێت و بە رەزامەندی وەزیرەكان، جیا لە كەمكردنەوەی رێژەی سەرپەرشتیكردن و چاودێری بۆ پڕۆژە نوێكان و هەناردنی كەرەستەكان تەنیا پێویستەكان بگرێتەوە و زیاتر پشت بە كەرەستەی ناوخۆیی ببەسترێت، پاڵپشتیكردنیش بۆ بەرووبوونی گەنمك بە رێژەی 170% لە نرخەكەی لە بۆرسەی دنیا بێت، هەرچی پسوولەی خۆراكە، چاوی پێدا بخشێنرێتەوە و تەنیا بۆ شایستە و كەمدەرامەتەكان بێت.

سەبارەت بە زیادكردنی داهاتیش، سوودانی رێنوێنی بە لیژنەی تایبەت دا بە چاوخشاندنەوە بە حسێبكردنی داهاتی نانەوتی لە هەرێمی كوردستان كە ئێستە مانگانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بە شێوەی بڕە پارەیەكی دیاریكراو دەخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی، كاركردن بە سیستمی نوێی پارەدان لە لایەن دەستەی گومرگ و چاوخشاندنەوە بە كرێی كارەبا و پشتبەستن بە پارەدانی ئەلیكترۆنی لە بەغدا و لە تەواوی عێراق. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل