دوێنێ دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە لە بەغدا كۆ بوونەوە و تاوتوێی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كرد، ئەمڕۆ سەركردەیەكی سوننە ئاشكرای كرد كە كێشەیان نییە و بەر لە وادەی دیاریكراو كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان دەخەنە روو.
دوای ئەوەی دوێنێ لە كۆبوونەوەیەك سوننە داوایان لە سەرۆك كۆماری عێراق كرد كە وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەر لە 25ی ئەم مانگە دیاری بكات،
سەڵاح مەرعاوی سەركردە لە هاوپەیمانی عەزم، یەكێك لە پێكهاتەكانی ئەنجوومەنی سایسیی نیشتمانی گوتی، سەركردەی هێزە سوننەكانی ناو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی لە كۆبوونەوەی دوێنێیان كە لە ماڵی موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم لە بەغدا بەڕێوە چوو، چەند دۆسیەیەكیان تاوتوێ كرد، گرنگترینیان بەشی سوننە لە پرۆسەی سیاسی و بەرنامەی حكوومەتی نوێ.
روونی كردەوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كرا و كەشوهەوای كۆبوونەوەكە ئەرێنی بوو، بەشدارانی كۆبوونەوەكە رێككەوتن كە داوا لە سەرۆك كۆمار و هێزە سیاسییەكان بكرێت بۆ سازكردنی دانیشتنی پەرلەمانی نوێ لە 25ی ئەم مانگە بۆ پارێزگاریكردن لە وادە دەستوورییەكان، دووپاتی كردەوە كە بڕیارە بەر لە كۆتاهاتنی وادە دەستوورییەكان بە رۆژێك یان دووان، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی لە ماڵی سابت عەباسی سەرۆكی هاوپەیمانی حەسمی وەتەنی كۆ ببێتەوە و ناوێك یان زیاتر بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكات و بیانخاتە پێش هاوبەشان لە پرۆسەی سیاسی.