لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنەكانی سەری ساڵ، جموجۆڵی گرووپە تیرۆریستییەكان لە دنیا زیاتر دەبێت، دوای هێرشە تیرۆریستییەكەی دوێنێی سیدنی لە ئوسترالیا و كوژرانی 15 كەس، ئەمڕۆ نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمەریكا رای گەیاند كە پلانی هێرشێكی تیرۆریستییان لە ناوچەكانی ئۆرانج و لوس ئەنجلۆس لە كالیفۆرنیا پووچەڵ كردووەتەوە.
داواكاری گشتیی ئەمەریكا رای گەیاند كە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی پلانی هێرشێكی تیرۆریستی لە رێگەی تەقاندنەوەی بۆمب لە چەند شوێنێك پووچەڵ كردووەتەوە، لەوانە كردنەئامانجی كارمەندانی فەرمانگەی كۆچبەران و ئۆتۆمبێلەكانیان لە ئۆرانج و لۆس ئەنجلۆس، بام بۆندی وەزیری دادی ئەمەریكا گوتی، نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی پلانێكی گەورەی تیرۆریستی پووچەڵ كردووەتەوە كە بڕیار بوو لە شەوی سەری ساڵ هەردوو ناوچەی ئۆرانج و لۆس ئەنجلۆس بگرێتەوە.
لە
بەیاننامەیەك روونی كردەوە، گرووپی "تێرتل ئایلاند لیبریشن فرۆنت"، كە گرووپێكی چەپی توندڕۆیە، خۆی بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك هێرش و تەقینەوە لە كالیفۆرنیا لە شەوی سەری ساڵ ئامادە كردبوو، هەروەها پلانی كردنەئامانجی كارمەندانی فەرمانگەی كۆچبەران و گومرگ و ئۆتۆمبێلەكانیان هەبوو.
وەك میدیاكانی ئەمەریكا ئاشكرایان كرد تۆمەتی پیلاندانان و هەبوونی چەك و بۆمبی چێنراوی تۆمارنەكراو ئاراستەی چوار كەس كراوە و كەسێكی تریش سەر بە هەمان گرووپ لە نیو ئۆرلینز گیراوە.