تا دێت دۆخی ناو ماڵی شیعە شلۆقتر و ئاڵۆزتر دەبێت، ئەنجامی هەڵبژاردن پەسند كرا و ماوەتەوە سەرۆك كۆمار وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دیاری بكات و لەو دانیشتنە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی دیاری بكرێن، ئینجا سەرۆك كۆماری نوێ و راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكرێت، واتە ماوەكە بۆ سوننە و كورد و شیعە كراوە نییە و سنووردارە، لەو ناوەدا سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە رەنگە شیعە ناچار بن پەنا بۆ سەرۆك وەزیرانێكی پێشوو ببەن.
ئێستە لە ناو ماڵی شیعە چەند ناوێك هەن كێبەركێ لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران دەكەن، لەوانە محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی كە هەرسێكیان پۆستەكەیان بینیوە، جیا لە حەمید شەتری و قاسم ئەعرەجی كە ناویان دێت، بەڵام بەهۆی بەهێزیی كێبەركێكان چانسیان لاوازە، جیا لەوانەی باس كران، ناوی مستەفا كازمیش دێت، كە ئەویش پۆستی سەرۆك وەزیرانی بینیوە.
تا ئێستە كێبەركێی بەهێز لە نێوان سوودانی و مالیكییە، بەپێی نوێترین زانیاری، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سایەی ئەو دۆخەی هەیە، تاوتوێی پێدانی پۆستەكە بە كەسێكی خاوەن شارەزایی لە ئیدارەدانی پۆستەكە دەكات، بۆیە دوور نییە كەسێك دیاری بكەن كە پێشتر ئەو پۆستەی بینیبێت، وەك مالیكی و سوودانی و عەبادی و كازمی، رەنگە چانسی عادل عەبدولمەهدی بەهۆی رووداوەكانی تشرین ئەوەندە بەهێز و خوازراو نەبێت.
وەك
چوارچێوەی هاوئاهەنگی مالیكی رۆڵی گەورەی لە گفتوگۆكان هەیە، ئەمڕۆ مالیكی چاوی بە هەریەك لە مستەفا كازمی و عادل عەبدولمەهدی كەوت، رەنگە هۆكارێكی دیدارەكە هەوڵی چوارچێوە بێت بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەك شارەزایی لە بەڕێوەبردنی پۆستەكە هەبێت، بەتایبەتی كازمی.