ئەمشەویش شیعە نەیانتوانی پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلا بكەنەوە

:: PM:09:26:15/12/2025 ‌

دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە لایەن دادگای فیدرالییەوە، ئەمشەو سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا كۆ بوونەوە و باسی دیاریكردنی كاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتیان كرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەكە، ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ، لەوانە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كۆ بوونەوە، لە كۆبوونەوەكە داوا كرا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە نزیكترین كات بێتە سازكردن و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بێتە هەڵبژاردن.

روونی كردەوە، هاوكات گفتوگۆكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەردەوام دەبن. بەم شێوەیە ئەمشەویش چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیتوانی بەسەر ناكۆكییەكانی زاڵ ببێت و كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری بكات، كە بەپێی سەرچاوەكان كێبەركێیەكی توند لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكی هەیە، رەنگە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی پەنا بۆ كاندیدی سازان ببرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل