ئەمەریكا جووڵەی لە ناوچەكانی دێرەزور و ڕەقە چڕتر كردووەتەوە، داعشیش هێرشێكی تری كرد و مەترسیی گەورە لەسەر حكوومەتی كاتی سووریا دروست بووە.
میدیاكان بڵاویان كردەوە، كاروانێكی گەورەی سەربازیی ئەمەریكا لە شاری حەسەكەوە بەرەو دێرەزور بەڕێ كەوتووە، ئەمەریكا بڕیاری داوە چیتر هیچ نەرمییەك بەرانبەر گرووپە توندڕەوەكانی هاوشێوەی داعش نەنوێنێت.
دوای كوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێكی ئەمەریكی بەدەستی چەكدارێكی هێزەكانی حكوومەتە نوێیەكەی سووریا لە تەرمود، ئەمەریكا بڕیاری تۆڵەكردنەوەی داوە و بەرپرسانی سەربازی رایان گەیاند، لە هەر شوێنێك بن لێیان دەدەین.
گرووپی هەواڵگریی سایت (SITE) رای گەیاند، رێكخراوی داعش بەرپرسیارێتیی لە هێرشەكەی سەر ئیدلب راگەیاندووە، كە بووە هۆی كوژرانی چوار كارمەندی هێزە تەناهییەكانی سووریا.
ئەوە لە كاتێكدایە بەرپرسانی توركیا و سووریاش باسیان لەوە دەكرد، داعش نەماوە و چیتر با بەناوی داعشەوە هێزە كوردییەكەی سووریا یارمەتی نەدرێت، بەفەرمیش داوایان لە ئەمەریكا كردبوو كە ئەوان كۆنترۆڵی داعشیان كردووە و هیچ مەترسییەكی رژد لە ئارادا نییە.
لەمبارەیەشەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە داوە، "ئەو كاروانەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتیی ئەمەریكا پێكهاتووە، لە شەش زرێپۆش بەیاوەری چەند ئۆتۆمبێلێكی سەربە هێزەكانی سووریای دیموكرات، دەورییەیەكی پشكنینیان لەسەر ڕێگەی عەمبارە ئەنجام داوە، كە ڕێگەی خێرای نێودەوڵەتی M4و بە شاری قامیشلۆی باكوری حەسەكە دەبەستێتەوە".
روانگەكە ئەوەشی راگەیاندووە، هەموو جووڵەكانی ئەمەریكا بەیاوەری هێزەكانی سووریای دیموكرات ئەنجام دەدرێتو جگە لە دێرەزور، چوونەتە ڕەقە و هێزێكی زۆر بەئاراستەی هەردوو شارەكە جووڵەیان پێكراوە و چەندان شوێنی گومانلێكراویش گەڕان و پشكنینیان تێدا ئەنجام داوە، ئەمە جگە لە فڕینی فڕۆكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەبەردەوامی بەسەر ئەو دوو شارەدا".