كەناڵێكی میدیایی ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و نێردەی ئەمەریكا بۆ سووریا و لبنان، لەبارەی دۆخی سووریا و ئەو هێرشانەی ئیسرائیل دەیانكاتە سەر ئەو وڵاتە، بە لێكتێگەیشتنی هاوبەش گەیشتن و لەسەر هێڵە سوورەكان رێككەوتن.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 16ی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەو هەواڵەی كەناڵی "ئای 24"ی ئیسرائیل بڵاو كراوەتەوە و چەند سەرچاوەیەك رایان گەیاند، لە كۆبوونەوەی نێوان بنیامین تەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و تۆم باراكی نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا و لبنان، بە لێكتێگەیشتن لەبارەی دۆخی سووریا گەیشتوون و لەو كۆبوونەوەیەدا، هێڵە سوورەكانیان بۆ ئیسرائیل دەستنیشان كردووە و لەسەری رێككەوتوون.
سەرچاوەكان زیاتر دەڵێن، ئیسرائیل و ئەمەریكا لەبارەی ویستی ئیسرائیل لە سووریا بە لێكتێگەیشتن گەیشتوون، هەروەها بەردەوامبوونی دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و سووریا لەبارەی رێككەوتنی تەناهی. بۆ ئەوەیش هەر لایەنێك لەوە تێگەیشتوون ئەركەكانیان چی دەبێت.
بەپێی كەناڵە ئیسرائیلییەكە، باراك لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نەتەنیاهۆ، ئەو هێڵە سوورانەی دەستنیشان كردووە لەبارەی چالاكییەكانی ئیسرائیل لە سووریا، بۆ ئەوەیش رێككەوتوون.
چەند رۆژێك بەرلە ئێستە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گوتی، بەلامانەوە گرنگە ئیسرائیل پارێزگاری لەو گفتوگۆیە بەهێزە بكات كە لەگەڵ سووریا دەیكات، نابێ هیچ شتێك روو بدات كە ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم پێشكەوتنی سووریا. چونكە ئەحمەد شەرع سەرۆكی نوێی سووریا، زۆر بە رژدی كاری زۆرباش دەكات تا پێوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و سووریا باش بێت.
كێشەی سووریا لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێ كرد كە خۆپێشاندانە جەماوەرییەكە لەو وڵاتە دەستی پێ كرد و مەبەستی ئۆپۆزسیۆنیش رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بوو. دواتریش رووسیا و ئێران بە روونی هاتنە سەر خەت و پاڵپشتیی رژێمەكەیان كرد و لە رووخان رزگاریان كرد، بەهۆیەوە سەتان هەزار كەس كوژران و میلۆنانی تریش ئاوارە بوون و وڵاتەكەیان جێهێشت. ئێستەیش ئۆپۆزسیۆن بە پاڵپشتی توركیا ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵ كردووە.
چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەكانی كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن، لە 26ی تشرینی دووەمەوە دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كرد بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی بەشار ئەسەد، دواتریش بگەنە دیمەشق و لە بەرەبەیانیی زووی هەشتی كانوونی یەكەمی 2024 رژێمەكەیان رووخاند، بەشار ئەسەد و خێزانەكەی سووریایان بەرەو رووسیا جێهێشت و هەڵاتن.
ئێستە ئەحمەد شەرع فەرماندەی تەحریر، وەك سەرۆكی كاتیی سووریا دەستنیشان كراوە و حكوومەتی كاتیی لەو وڵاتە دامەزراندووە. بە هاوكاریی ئەمەریكا كار بۆ ئەوە دەكرێ كە پێوەندییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆوە ببینێت و ئاسایی بكرێتەوە. وێڕای ئەوەی تا ئێستەیش ئیسرائیل زۆر ناوچەی ئەو وڵاتە دەكاتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەكانی.