میلیشیاكانی سەربە حكوومەتەكەی ئەحمەد شەرع، چەند گوندێكیان لە باشووری كۆبانی تۆپباران كرد.
ئەمڕۆ سێشەم 16ی كانوونی یەكەم، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات بڵاوی كردەوە، گرووپەكانی سەربە حكوومەتی كاتیی سووریا، هەردوو گوندی حەجی حوسێن و شێخ مەحشی و بەرزاییەكانی سیریاتیلیان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین، تۆپباران كرد كە دەكەونە باشووری شاری كۆبانێوە.
هێزەكانی سووریای دیموكرات هۆشدارییان دا لە مەترسیی دەرەنجامەكانی ئەو پەلامارانە دا، بەرپرسیارێتییەكەشیان خستە ئەستۆی حكوومەتی كاتیی سووریا كە ئەحمەد شەرع سەرۆكایەتیی دەكات.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕوونی كردەوە كە ئەم زیادبوونی گرژییە، بە مەترسیدار دادەنرێت و حكوومەتی كاتی بە تەواوی بەرپرسیار دەزانێت لەم دۆخەدا، چونكە ئەمە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر تەناهیی ناوچەكە و ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، هەروەها مەترسییەكی گەورەشە بۆ سەر ژێرخانە گرنگەكان، بە تایبەتیش دامەزراوەكانی بەنداوی تشرین و دەوروبەری.