سوننە لە نێوان سێ كاندید بۆ سەرۆكی پەرلەمان بڕیار دەدەن

:: PM:07:26:16/12/2025 ‌

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵ ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوونە، كە پێنج هێزە براوەكەی سوننە لە هەڵبژاردن لەخۆی دەگرێت، لە بەغدا كۆ بوونەوە و داوایان لە سەرۆك كۆماری عێراق كرد وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دیاری بكات و ئەوان ئامادەن بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

لەو كاتەی بەر لە ماوەیەك راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد شەش كاندیدی سوننە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەن، محەمەد حەلبووسی و محەمەد تەمیم و سابت عەباسی و موسەنا سامەرایی و سالم عیساوی و مەحموود قەیسی، سامی فەیسەڵ چاودێری سیاسی ئاماژەی كرد كە ئێستە كێبەركێكە سێ كاندیدی لەخۆی گرتووە، بۆیە ناو ماڵی سوننە چووەتە ناو قۆناغی یەكلاكردنەوە بۆ دیاریكردنی یەكێكیان.

روونی كردەوە، ئەنجوومەنی سوننە گەیشتووەتە قۆناغی یەكلاكردنەوە و دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، دۆخەكە پێویستی بە سازان هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی ناكۆكییەكان، بۆیە سەعات و رۆژانی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبن لە یەكلابوونەوەی سەرۆكی پەرلەمان.

دوای ئەوەی یەكشەمی رابردوو دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەسند كرد، دوێنێ سوننە لە بەغدا كۆ بوونەوە و داوایان لە سەرۆك كۆمار كرد كە وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دیاری بكات و ئەویش 29ی ئەم مانگەی بۆ یەكەم دانیشتن دیاری كرد، بەپێی زانیارییەكانی ناو كۆبوونەوەی هێزە سوننەكان، ئەوان لە دیاریكردنی كاندیدی سازان نزیك دەبنەوە و چانسی موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم، بۆ وەرگرتنی پۆستەكە زیاتر بووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل