چی لە ناو ماڵەكانی شیعە و سوننە دەگوزەرێت؟

:: PM:07:16:18/12/2025 ‌

دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد، سوننە و شیعە خۆیان كۆ كردەوە بۆ دیاریكردنی كاندیدانیان بۆ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران، 29ی ئەم مانگە بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ساز كراوە، بەڵام دوایین زانیاری ناو ماڵەكانی سوننە و شیعە چین؟

خالید وەلید سەركردە لە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق گوتی، تەنیا دوو ناو لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە فەرمی كێبەركێ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ دەكەن، تا ئێستەش لیژنەی ئیعمار و تەنمییە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی شیعە و سوننە و كورد خەریكی گفتوگۆیە بە مەبەستی بەدەستهێنانی دووەم ماوەی سەرۆك وەزیران بۆ سوودانی، چونكە ئەو بابەتە پێویستیی بە سازانی نیشتمانی هەیە. 

وەلید ئاشكرای كرد كە تا ئێستە جیا لە سوودانی و نووری مالیكی لە حزبی دەعوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كاندیدی تری فەرمی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران نین، هەرچی ناوەكانیترە كە لە میدیاكان باسیان دەكرێت، تەنیا بۆ كوشتنی كات و بواردان بە گفتوگۆكان دەخرێنە روو، بەشی زۆریان بۆ راگەیاندن و سووتانی میدیایی ناویان دەهات و ناوی هیچ كانیان بە فەرمی نەهاتووە و ئەوانیش هیچ دید و بەرنامەیەكیان نەخستووەتە روو. 

لە لایەكی تر پێوەست بە ناوماڵی سوننە، محەمەد فەهداوی ئەندامی هاوپەیمانی عەزمی سوننە بە سەرۆكایەتیی موسەنا سامرایی، ئاشكرای كرد كە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم هێزە سیاسییە سوننەكانی ناو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی كۆبوونەوەیەكی گرنگ و یەكلاكەرەوە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سوننە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ساز بكەن.

روونی كردەوە، كۆبوونەوەكە لە ماڵی سابت عەباسی سەرۆكی هاوپەیمانی حەسم لە بەغدا دەبێت و بژارەكانی سوننە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلمان، واتە كاندیدی سوننە یەكلا دەكەنەوە، گفتوگۆكان یەكلاكردنەوەیە لە نێوان موسەنا سامرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم، بەپێی زانیارییەكانی هەن ئەگەری هەیە سوننە بە دوو كاندید بچن بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل