لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دیاریكردنی سەرۆكایەتییەكانی عێراق، كە 29ی ئەم مانگە بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری نوێ و راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بەپێی وادە دەستوورییەكان دیاری كراوە، سترێس و گوشاری دەروونی سەر هێزە عێراقییەكان زیاتر دەبێت، ئەوان چاوێكیان لەسەر ئێرانە و چاوەكەی تر لەسەر ئەمەریكا، بەڵام ئەمەریكا چ سەرۆك وەزیرانێكی بۆ عێراق دەوێت؟
بەمدواییە مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق و سیناتۆر جۆ ویڵسنی نەیار بۆ ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق كۆ بوونەوە، لەوكاتەی گفتوگۆكانی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە گەرمی لەئارادایە، چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە ئاماژە دەكەن كە پەیامەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق چەند مەرج و داواكاری بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دیاری كردووە لە بەرانبەر مامەڵەكردن لەگەڵی، ئەوان ناو كەسێكی دیاریكراویان نەهێناوە.
سەركردەیەكی دیاری شیعە دەڵێت، مەرجی ئەمەریكا ئەوەیە نابێت كەسێكی حسێبكراو لەسەر میلیشیاكان یان گرووپەكانی سەر بە ئێران بێت، بەو هۆیەوەش ژمارەیەك ناوی كاندید زوو لە لیستی كاندیدان دوور خرانەوە، بەڵام تا ئێستە گفتوگۆ بۆ دیاریكردنی یەكێك لەوانیتر لە ناو گفتوگۆكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەردەوامە.
لە چەند رۆژی رابردوو جوشوا هاریس كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی سیاسیی شیعەی عێراق كەوت و باسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی لەگەڵ كردن، باسی گرنگیی پێكهێنانی حكوومەتێكی سەربەخۆ دوور لە كاریگەریی ئێران كرد بتوانێت عێراق لە رووی سیاسی و وزەوە بەرەو سەربەخۆیی لە ئێران ببات و چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت بمێنێتەوە، لەوانەی هاریس لەگەڵیان كۆ بووتەوە، عەمار حەكیم و نووری مالیكی و قاسم ئەعرەجی و مستەفا كازمی و فوئاد حوسێن بوون.