سوپای ئەمەریکا کوشتنی پێنج کەسی لە زەریای هێمن ڕاگەیاند کە گومانی تێوەگلانیان لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لێ دەکرێت، هاوکات ترس لە فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر ڤەنزوێلا هەیە.
ئەمڕۆ هەینی 19ی کانوونی یەکەم، فەرماندەییی باشووری سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییە دوو بەلەمیان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی زەریای هێمن کردووەتە ئامانج کە "بەشدارییان لە پڕۆسەی بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەردا کردووە".
بەپێی بەیاننامەکە، لە ئەنجامی بۆردمانەکەدا سێ کەس لە بەلەمی یەکەم و دوو کەس لە بەلەمی دووەم کوژراون.
ئاژانسی فرانس پرێس بە پشت بەستن بە داتا فەرمییەکان بڵاوی کردووەتەوە، تا ئێستە کۆی گشتیی کوژراوانی ئەو هێرشانەی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر قاچاخچییەکان، گەیشتووەتە 104 کەس.
ئەم هەڵمەتە سەربازییە فراوانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دژایەتیی مادەی هۆشبەر، پرسیاری ئەوەی دروست کردووە کە ئایا ناوبراو ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشێکی زەمینی دژی ڤەنزوێلا؟ و ئایا پێویستی بە مۆڵەتی کۆنگرێس هەیە؟
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەمی ڕابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا (کۆنگرێس) دوو پڕۆژەیاسای دیموکراتەکانی ڕەت کردەوە، کە داوای وەستاندنی هێرشەکان و "کارە دوژمنکارییەکان دژی ڤەنزوێلا"یان دەکرد پێش وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنەکە.