"دوای شەپۆلە بارانبارینەکە" بەرپرسێک: هێشتا مەترسیی وشکەساڵی لەسەر عێراق ماوە

:: AM:11:39:19/12/2025 ‌
سەرۆکی پێشووی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات و ڕای دەگەیەنێت، نابێت لافاو و بارانبارینی ئەم دواییە هاووڵاتییان هەڵخەڵەتێنێت، چونکە هێشتا وڵات لە هێڵی دڵنیاییی ئاوی دوورە و بەنداوەکان بەتاڵن.

ئەمڕۆ هەینی 19ی کانوونی یەکەم، فورات تەمیمی سەرۆکی پێشووی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، وڵات هێشتا لە هێڵی "ئەمانی ئاوی" دوورە و زیادەڕۆیی دەکرێت لە خەمڵاندنی کاریگەریی شەپۆلە بارانبارینەکانی ئەم دواییە.

تەمیمی ڕوونی کردەوە، دیمەنی دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچە، وا لە ڕای گشتی دەکات پێیان وابێت دۆخی ئاو باش بووە و جێگەی دڵنیایییە، بەڵام ڕاستییەکە جیاوازە، چونکە ئاستی "بۆشاییی عەمبارکردن" (فراغ الخزني) لە بەنداوەکانی عێراقدا، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە مێژووی وڵاتدا.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش داوە، عێراق پێویستی بە چەندان هێندەی ئەم شەپۆلە بارانبارینانە هەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغی دڵنیایی و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی زستانە و هاوینە، بۆیە مەترسیی وشکەساڵی هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بڵاوی کردەوە، بارانبارینی ئەم دواییە بووەتە هۆی زیادبوونی 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ بەنداوەکان و 200 ملیۆن مەتر سێجا بۆ دەریاچەی سەرسار، هەروەها دۆخی ئەهوارەکانیشی باشتر کردووە، بەڵام ددانی بەوەدا ناوە کە ئەم بڕە تەنیا قەرەبوویەکی سنووردارە بۆ ئەو بۆشایییە گەورەیەی بەهۆی وشکەساڵیی ساڵانی ڕابردووەوە دروست بووە.


وشە - پۆڵا مەحموود