ئەمەریكا هێرشێكی بەرفراوانی لە سووریا كردە سەر داعش و هەسەدەش پێزانینی خۆی بۆ هێرشەكە دەربڕی.
فەرماندەیی گشتیی هەسەدە ئەمڕۆ شەموو 20ی كانوونی یەكەم ڕای گەیاند، پێزانینیان بۆ ئەو هێرشە ئاسمانی و مووشەكییانەی ئەمەریكا هەیە كە لە چەند سەعاتی رابردوودا كردییە سەر حەشارگەكانی تیرۆریستانی داعشی لە سووریا.
شەوی ڕابردوو هێزەكانی ئەمەریكا، 70 پێگەی داعشیان لە سووریا لە رێگەی مووشەكەوە خاپوور كرد.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا- پێنتاگۆن دەڵێت، "لە ئۆپراسیۆنەكەدا ژێرخان و كۆگەكانی چەكی داعشمان بۆردمان كرد. ئۆپراسیۆنەكە بۆ رێگریی پلانی هێرشە تیرۆریستییەكانی داعشە دژی ئەمەریكا".
پێنتاگۆن هەروەها رای گەیاند، "لە بەدواداچوونی بێوچانی ئەو تیرۆریستانەی كە هەوڵ دەدەن زیان بە ئەمریكییەكان و هاوبەشەكانمان لە ناوچەكەدا بگەیەنن، بەردەوام دەبین".
لە بەرانبەر ئەم هێرشەدا فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە بەیاننامەیەكدا پێزانینی خۆیان بۆ هێرشەكەی ئەمەریكا ڕاگەیاند .
هەسەدە دەڵێت: ئەم پشتگیرییە بەردەوامە ئاسمانییە، هۆكارێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ رێگریكردن لە رێكخراوەكە، لە دووبارە گردكردنەوەی شانەكانی یان دەستپێكردنەوەی چالاكییە تێكدەرەكانی.
باسی لەوەش كردووە، داعش هێشتا هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە، هەوڵ دەدات هەر بۆشاییەك یان سستییەك لە هەوڵە سەربازی و تەناهییەكان بقۆزێتەوە، بۆیە دووپات لەسەر گرنگی بەردەوامی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دەكەینەوە، تا نەهێشتنی یەكجارەكی رێكخراوەكە و تواناكانی.
هێزەكانی سووریای دیموكرات، پابەندبوونی تەواوی خۆیان دووپات كردووەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی داعش و بەرگریكردن لە سەقامگیری و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، پەرەپێدانی هاوكاری لەگەڵ هەموو لایەنەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە هەموو ئەو بابەتانەی كە خزمەت بە ئاسایشی ناوچەكە و دنیا دەكەن.