فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە رای گەیاند، نەیارەكانمان دەڵێن كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی هەسەدەیە، بەڵام ئێمە دەڵێین سەرەتایەكی نوێیە. دەشڵێت، كۆمەڵێك گرووپی توندڕەو لەناو حكوومەتی دیمەشق چارەسەر و رێككەوتنیان ناوێت، بەتایبەت ئەو گرووپانەی كە پێشتر بۆ دەوڵەتی توركیا كاریان كردووە.
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "ئاریەن تیڤی" رای گەیاند، كۆمەڵێك گرووپی توندڕەو لەناو حكوومەتی دیمەشق چارەسەر و رێككەوتنیان ناوێت، بەتایبەت ئەو گرووپانەی كە پێشتر بۆ دەوڵەتی توركیا كاریان كردووە و ئێستە تێكەڵاوی هێزەكانی حكوومەت بوون، لە نموونەی ئەوانەی ناویان لە خۆیان نابوو 'سوپای نیشتمانی' ئەوانەی عەفرین و عەزاز و ناوچەكانی تریان داگیر كرد."
مەزڵووم عەبدی گوتیشی: ئەوانە ئێستە بوون بە بەشێك لە دەوڵەت و دژی ئێمە و دژی گەلانی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن. وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك گرووپی جیهادی هەن، ئەوانیش دیسان دژایەتیمان دەكەن و نایانەوێت ئارامی بەرقەرار بێت.
ئاماژەی بەوەش كرد: زۆر لە نەیارەكانمان دەڵێن: رێككەوتنی (10)ی ئادار و كۆتایی ئەمساڵ، كۆتایی شۆڕشی رۆژئاوا و هەسەدەیە، بەڵام ئێمە دەڵێین، كۆتایی ئەمساڵ بۆ ئێمە سەرەتایە نەك كۆتایی، سەری ساڵی 2026 دەستپێكێكی نوێ بۆ پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوە دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی 2026 بۆ كوردان دەبێتە ساڵی یەكێتیی نەتەوەیی، ئێمە لە هەموو كات زیاتر نزیكتر دەبین لەوەی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان و دیاسپۆرا، یەكێتیی خۆیان رێكبخەن و كۆنگرەی نەتەوەیی خۆیان ببەستن و سیاسەتێكی هاوبەشیان هەبێت، بۆ رۆژئاوای كوردستان 2026 دەبێتە ساڵی ئازادی و ساڵی مسۆگەركردنی ستاتیۆی خۆی لە دەستووری سووریادا.