داوا لە هاكان فیدان دەكرێت ئاوڕێك لە بنەچەی خۆی بداتەوە و سەرێكیش لە مووش بدات

:: PM:12:17:20/12/2025 ‌
هیچ كەس لەناو دەوڵەتی توركیا هێندەی هاكان فیدان دژی پەكەكە و پەیەدە و هەسەدە نییە، لە كاتێكدا ئەو خۆی بەڕەچەڵەك كوردە. پەرلەمانتارێكی كوردیش پەیامێكی بۆ دەنێرێت و داوای لێ دەكات، جارێك ئاوڕ لە رابردووی خۆت بدەرەوە و سەرێك لە وان و بنەماڵەكەت بدە.

هاكان فیدان كە ئێستە وەزیری دەرەوەی توركیا و پێشتریش بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە بوو، بەردەوام دژی هێزە كوردییەكانی توركیا و سووریا لێدوان دەدات و هەڕەشە دەكات، ئەو بەكەسێكی توند لەناو دەوڵەتدا دەناسرێت.

پێشتریش برازایەكی ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان بوو لە چیاكانەوە چەندانجار پەیامی بۆ دەنارد و پێی دەگوت، ئەوەندە لەگەڵ كوردبوونت شەڕ مەكە.

هاكان فیدان بەڕەچەڵەك كورد- توركییە لە ساڵی 1968 لە ئەنكەرە لە دایك بووە، باوكی كوردە و لە هۆزی حەسەنان كە زۆرینەیان لە پارێزگای وانن، دایكیشی توركە و خەڵكی ناوچەی دەنیزلی توركیایە.

حەسەنان ناوی ھۆزێكی كوردییە كە لە زۆر لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بوونیان هەیە، بەڵام گەورەترین بەشی ئەو ھۆزە لە باكوری كوردستان دەژین، حەسەنانەكان لە ساڵی 1937 بەشدارییان لە ڕاپەڕینی دەرسیمدا كردووە.

سری ساكیك پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەل (دەم پارتی) لە پەرلەمانی توركیا، لەبارەی هاكانەوە پەیامێكی بڵاو كردەوە دەڵێت، جارجار ئاوڕ لەو رابردووەت بدەرەوە، ئەگەر سەرێكیش لە كەسوكارەت لە ناوچەی مووشی وان بدەیت باش دەكەیت.

هاكان فیدان بەردەوام لێدوانی توند دەدات و لە نوێترین لێدوانیشیدا گوتی، ئەگەر هەسەدە نەچێتە ناو بەرگریی سووریاوە، بەهێز مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین.



وشە - سۆران عەزیز