شیعە داوای گەرەنتی نەكردنەئامانجی میلیشیاكان دەكەن

:: PM:10:55:20/12/2025 ‌

وەك بڵێی شیعەی نزیك لە ئێران بە تەواوی رادەستی مەرج و داواكارییەكانی ئەمەریكا بوون، لە ماوەی دوایی بەشێكی زۆر لەو میلیشیایانەی پێشتر بەشێك بوون لە بەرەی موقاوەمە، ئامادەیی خۆیان بۆ داماڵینی چەكەكانیان دەربڕیوە، سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشكرای كرد، داوا لە هەندێك لایەنی نێودەوڵەتی كراوە گەرەنتیی نەكردنەئامانجی میلیشیاكان لە كاتی هەڵوەشاندنەوە و یەكخستنیان لەگەڵ هێزە فەرمییەكان هەبێت.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، هێزە سیاسییەكانی ناو چوارۆچێوەی هاوئاهەنگی داوایان لە هەندێك وڵاتی ناوەندگیر كردووە گەرەنتیی راستەقینەیان پێ بدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان و داماڵینی چەكیان و رادەستكردنی بۆ دەوڵەت، واتە گەرەنتی ئەوەیان پێ بدرێت بە نەكردنەئامانجیان و ماوەیەكی سنوورداریان بۆ دیاری نەكرێت بۆ هەڵوەشاندنەوە و یەكخستنیان لەگەڵ هێزە فەرمییەكان، چونكە ئەو بابەتە ناوخۆییە. 

بەپێی سەرچاوەكە هەر لەو گەرەنتییانەی داوا كراوە، سەركردە میلیشیا هەڵوەشاوەكان نەكرێنە ئامانج و دەست بۆ نووسینگە ئابوورییەكانیان نەبرێت، بەتایبەتی زۆرینەی میلیشیاكان رازی بوونە بە یەكخستنیان لەگەڵ هێزە تەناهییەكانی وەك حەشدی شەعبی و وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری و هیتریش.

دووپاتی كردەوە كە سەركردەكانی چوارچێوە بە فەرماندەی میلیشیاكانیان راگەیاندبوو كە ئەگەر دەیانەوێ بەشداری لە كایەی سیاسی بكەن، دەبێت خۆیان هەڵوەشێننەوە و چەكەكانیان داماڵن، هاوكات سەرچاوەكە پێشبینیی كرد كە رەنگە گەرەنتییەكانیان پێ بدرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل