دوای لێدوانەكانی لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستان، لە پارتەكەی ئەردۆغانەوە داوای دوورخستنەوە هاكان فیدان دەكرێت و دەڵێن: دەبێت دەرمانی دژە ڕەگەزپەرستی بدرێت بەوانەی دەیانەوێت ئاشتی بشێوێنن.
دوای لێدوانەكانی هاكان فیدان لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستان كە گوتی، ئەگەر ناچاربن دووبارە پەنا بۆ بەكارهێنانی هێز دەبەنەوە، غالیب ئەنساریئۆغڵو پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا رای گەیاند، قسەكانی هاكان فیدان گوزارشت نییە لە بۆچوونی هەمووان و قۆناغەكە، قسەكانی ئەو ئاستی سەرۆك كۆماریان تێپەڕاندووە و سنووری دەسەڵاتەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی بەزاندووە، لە كاتێكدا سیستمی توركیا لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە دادەڕێژرێت، واتا نابێت كەس لەو لابدات، هەر كەسێكیش ئەوە بكات، ئەوا دەبێت یان دەست لەكار بكێشێتەوە یانیش دوور بخرێتەوە.
پەرلەمانتارەكە گوتیشی، قۆناغەكە بۆ توركیا زۆر هەستیارە و نابێت هیچ لایەنێك مامەڵەیەكی وا بكات كە زیان لە پرۆسەی ئێستە بدات و توركیا بخاتە مەترسییەوە، ئێستە كاتی ئەوە نییە كەس باسی داهاتووی خۆی بكات، تەنانەت عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە ئیمراڵییەوە باسی داهاتووی خۆی ناكات، چونكە هەمووان لە هەستیاریی قۆناغەكە تێدەگەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا غالیب ئەنساریئۆغڵو رای گەیاند، پێویستە هەموو لایەك خۆبەدووربگرن لەو هەنگاوانەی زەوینەی چارەسەریی تێكدەدەن و هەستیاریی دروست دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت دەرمانی دژە (ڕەگەزپەرستی و نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم) بدرێتە ئەو كەسانەی دەیانەوێت گورز لە پرۆسەكە بوەشێنن.
لەلایەكی ترەوە پەرلەمانتاری دیاری دەم پارتی جەنگیز چاندار دۆستە توركەكەی كورد، داوا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەكات دەمی هاكان فیدان دابخات و هەڕەشە لە كورد نەكات، دەشڵێت ئەگەر پێتان وایە پێكەوەژیانی گەلان بەوجۆرە دەبێت، ئەوە بە هەڵەدا چوون.
جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان-دەمپارتی لەناو هۆڵی پەرلەمانی توركیاوە، پەیامێكی توندی بۆ هاكان فیدانی وەزیری دەرەوەی توركیا نارد لەبارەی لێدوانەكانی دژ بە كورد و بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی گوت، دەمی هاكان دابخە.
جەنگیز چاندار گوتی، "بەڕێز سەرۆك كۆمار دەمی هاكان فیدان دابخە لەو هەڕەشە زمانە زبرەی بەرانبەر كورد بەكاری دەهێنێت، ئایا بەو زمانە قسەكردن ئەو بەهێزكردنی برایەتی و پێكەوەژیانە هەزار ساڵەیەیە كە ئێوە باسی دەكەن؟ "