تەنیا هەشت رۆژ بۆ یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق ماوە كە بڕیارە لە 29ی ئەم مانگە بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام بێتە سازكردن، تیایدا سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی دیاری دەكرێن، دوێنێ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق هەمووانی ئاگەدار كردەوە بەوەی وادەی دانیشتنەكە دوا ناخرێت، هاوكات بڕیارە ئەمشەو سوننە كۆ ببنەوە و كاندیدیان بۆ پۆستەكە یەكلا بكەنەوە.
سەلاح دلێمی ئەندامی هاوپەیمانی عەزمی موسەنا سامەرایی ئاشكرای كرد كە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم هێزە سیاسییە براوەكانی سوننە لە ماڵی ستابت عەباسی سەرۆكی هاوپەیمانی حەسم لە بەغدا كۆ دەبنەوە و كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان دیاری دەكەن.
روونی كردەوە، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی لەسەر بنەمای سازان دامەزراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش بەرەو دیاریكردنی یەكێك یان دوو لە سەركردەكانی ئەنجوومەنەكە وەك كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش هێزە سیاسییەكانی تر دەچێت، ئەو پێشبینی كرد یەكێك لەو كەسایەتییانەی بۆ پۆستەكە دەخرێتە روو موسەنا سامەرایی بێت، دووەمیش محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم یان كەسێكی تر لە هەمان حزب.
دلێمی دووپاتی كردەوە، كۆبوونەوەكەی ئەمشەو لە ماڵی سابت عەباسی یەكلاكەرەوە دەبێت بەر لە رۆیشتن بۆ دانیشتنی 29ی ئەم مانگەی پەرلەمان بە هەڵوێستێكی روون، ئێمە وەك هاوپەیمانی عەزم بە دەرهاوێشتە و ئەنجامەكانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان لەسەر بنەمایەكی یاسایی دوور لە گوشاری سیاسی و هەوڵی پەنابردن بۆ پارەی سیاسی لە بری سازانی سیاسی رازین، پێمان وایە سامەرایی بەهۆی تواناكانی دەتوانێت قۆناغی داهاتوو بەڕێوە ببات و پێگەی ئاسایی بۆ پەرلەمان بگێڕێتەوە و رۆڵی چاودێری بۆ پەرلەمان كارا بكاتەوە، كە پێشتر بووبووە سەكۆیەكی سیاسی.