نوسخەیەكی قورئان بە زنجیرێكەوە كە شوێنەواری شەش فیشەكی پێوە بوو، بەسیاجی مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید هەڵواسرا، كارەكە بەكارێكی مەترسیداری نەژادپەرستی ناو دەبرێت.
دەزگاكانی ڕاگەیاندنی سوید ڕووداوەكەیان بە پەیامێكی هاندان لە قەڵەم داوە، پێیان وایە پەیامەكە دەریدەخات لە داهاتوودا مسوڵمانان دەكرێنە ئامانج.
میدیاكانی ئەو وڵاتە دەڵێن: ئەو كارە هەوڵدانە بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن، نیشانەی رقێكی زۆرە بەرانبەر مسوڵمانانی سوید.
ئیدارەی مزگەوتەكە لە پەیامێكدا ئەو كارەی سەركۆنە كرد، بە هێرشێكی نەژادپەرستیی نەفرەتلێكراو لە چوارچێوەی زنجیرەیەك هێرشی ئیسلامۆفۆبیا وەسفی كرد.
مەحموود حلفی بەرپرسی مزگەوتەكە پشتڕاستی كردەوە، پۆلیسی سوید لێكۆڵینەوەی دەستبەجێی بۆ ڕووداوەكە كردووەتەوە و رای گەیاند، ئەم جۆرە كارانە، كاردانەوەی توندیان لەناو كۆمەڵگەی مسوڵمانان لێ دەكەوێـتەوە، ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ڕقوكینە لە مسوڵمانان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەكات.
ئیدارەی مزگەوتە وێنەی قورئانی پیرۆزی هاوپێچ كردووە لەگەڵ یاداشتێكدا كە دەستەواژەی "كاتی گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە"ی لەسەر بوو، ئەمەش سروشتی ڕەگەزپەرستانەی ڕووداوەكە بەهێزتر كرد.
مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم یەكێكە لە مزگەوتە دیارەكانی سوید و پێشوازی لە هەزاران نوێژخوێن دەكات، بەتایبەتی لە بۆنە ئاینییەكاندا.