لە چەند رۆژی دوایی ژمارەیەك میلیشیاكانی شیعە كە رەتیان دەكردەوە چەكەكانیان بدەنەوە دەوڵەتی عێراق، رایان گەیاند كە بە داماڵینی چەك و هێشتنەوەی تەنیا لای دەوڵەت رازین، لەو كاتەی هەردوو میلیشیای كەتیبەكانی حزبوڵا و بزاوی نوجەبا رەتیان كردەوە، سەركردەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی مەرج و داواكاریی ئەو دوو گرووپە بەرانبەر بە دانانی چەكیان دەكات.
عەبدولرەحمان جەزائیری سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی، دوێنێ لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بریكارێكی مەرجەعیەتی نەجەف، باسی دۆسیەی حەشدی شەعبیم كرد، ئەوان وەڵامیان دایەوە بەوەی نابێت بەر لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هیچ بڕیارێك لەبارەی چارەنووسی حەشدی شەعبی بدرێت، هەرچی ئەو میلیشیایانەن كە رەتی دەكەنەوە چەك رادەست بكەن، وەك ئاماژەیەك بۆ كەتیبەكانی حزبوڵا و نوجەبا، ئەوان لیستێكیان بە داواكانیان داوەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
روونی كردەوە، لیستەكەی ئەوان شەش داواكاری لەخۆ گرتووە، لەوانە بوونی گەرەنتی بەوەی چەكەكانیان راستەوخۆ دەدرێتە حكوومەت لە رێگەی هەردوو وەزارەتی ناو و بەرگری، نەكردنەئامانجی بارەگەكانیان، هەرچی سەركردەكانی چوارچێوەیە، رێك كەوتن كە بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی نوێ لە حەشدی شەعبی دوور بێت.
شایەنی باسە ئەمڕۆ مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەو هەنگاوانەی ژمارەیەك گرووپە چەكدارەكانی عێراق بە داماڵینی چەكیان رایان گەیاندووە پەرەسەندنێكی هاندەر و پێشوازی لێ كراوە، وەڵامدانەوەیەكی ئەرێنییە بۆ داوا و خواستێكی كۆنی دەسەڵات و مەرجەعیەتی ئاینی لە عێراق.