چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كۆبوونەوەدایە

:: PM:08:07:22/12/2025 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمشەو هێزە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لە نووسینگەی شێح هومام حەموودی لە بەغدا كۆ ببنەوە و بابەتی كاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت یەكلا بكەنەوە، بەپێی سەرچاوەكان كۆبوونەوەكە دەستی پێ كردووە و باسی میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی نوێ دەكەن. 

بەپێی سەرچاوەكان، لە كۆبوونەوەی ئەمشەوی لایەنە شیعەكان، باسی چەند پرسێكی گرنگی پێوەست بە عێراق دەكرێت لەوانە دۆخی وڵاتەكە بە گشتی و پەرەسەندنی دۆخی ناوچەكە و كاریگەری لەسەر عێراق، ئەوە لەوكاتەی بڕیارە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە 29ی ئەم مانگە بێتە سازكردن و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش هەموو هێزە سیاسییەكانی ئاگەدار كردەوە كە ئەو وادە دوا ناخرێت و درێژیش ناكرێتەوە.

لای خۆیەوە عەباس سرووت پەرلەمانتاری پێشوو دەڵێت، رێككەوتن لە نێوان هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر كەسایەتییەكی دیاریكراو بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوو هەیە، بەڵام مانای ئەوە نییە رێگەكە ئاسانە، دوای یەكلابوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار، چوارچێوەی هاوئاهەنگی كاندیدی خۆی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ پێشكەش دەكات، كاندیدەكە بۆ ئەوكات ئامادە دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو توانای سەركردایەتیی وڵاتی لە سایەی بوونی چەندان دۆسیەی ئاڵۆز هەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل