كێ دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان؟

:: PM:08:44:22/12/2025 ‌

بڕیارە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق لە 29ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، واتە تەنیا هەفتەیەك ماوە و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش وادەكەی قوفڵ كردووە، كاتێك فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنەكە دووپاتی كردەوە كە ئەو وادەیە دوا ناخرێت و درێژ ناكرێتەوە، دوێنێ هێزە سوننەكان لە بەغدا كۆ بوونەوە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام رێك نەكەوتن.

مەشعان جبووری پەرلەمانتاری پێشوو لە چەند تویتێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی لە ماڵی سابت عەباسی بێ رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی هات، بۆیە بابەتەكە بۆ سبەی سێشەم مایەوە و ئەگەری هەیە محەمەد حەلبووسی كەسێك لە شوێنی خۆی بۆ پۆستەكە كاندید بكات.

جبووری لە پۆستێكی تر ئاماژەی بۆ دوو كاندیدی سوننە بۆ پۆستەكە كرد، جیا لە موسەنا سامەرایی و گوتی، حەلبووسی چەند ناوێكی پێشنیاز كردووە لەوانە محەمەد نووری و سینان جومەیلی، بەڵام رەت كراونەتەوە و دوای ئەوە ناوی هەیبەت حەلبووسی پێشنیاز كردووە و هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە.

لە لایەكی تر بەپێی سەرچاوەكان لە ناو ئەنجوومەنەكە، لەناو كۆبوونەوەكەی دوێنێی ماڵی عەباسی، ئاراستەیەكی هاوبەش بۆ پاڵپشتیكردنی موسەنا سامەرایی هەبوو، وەك بژارەیەكی قبووڵكراو و نیشتمانی و بەتوانا بۆ كۆكردنەوەی هەموو لایەنەكان، بۆیە پێش دانیشتنی پەرلەمان لە 29ی ئەم مانگە ناوی سامەرایی خراوەتە روو.

بەپێی سەرچاوەكە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی بە نیازە سبەی سێشەم لە ماڵی ئەبو مازن كۆ ببێتەوە بە مەبەستی دیاریكردنی ناوی كاندیدی كۆتایی و فەرمیی سوننە، بۆ ئێستەش دیاریكردنی موسەنا سامەرایی نزیكترە لەو قۆناغەدا، بۆ رێگرتن لە داخرانی سیاسی و پەككەوتنی دانیشتنی پەرلەمان.

هەر لەوبارەوە عەمار عەزاوی ئەندامی هاوپەیمانی سیادە دەڵێت، موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نزیكترە، ئەوەش بەهۆی ئەو پاڵپشتییە سیاسییە فرەوانەی هەیەتی، دەستگرتنی هەندێك لایەنی سوننە بە كاندیدانیان بۆ پۆستەكە بووە هۆی نەگەیشتن بە رێككەوتن لە دانیشتنی دوێنێ.

ئاشكرای كرد، بڕیارە سبەی سێشەم ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە كۆ ببێتەوە، لە دیاریكردنی یەك كاندید یان چوونە ناو دانیشتنی پەرلەمان بە دوو كاندید بۆ پۆستەكە، عەزاوی دووپاتی كردەوە كە موسەنا سامەرایی چانسی زیاتری هەیە، چونكە پاڵپشتییەكی گەورەی سیاسی لە لایەن شیعە و كورد و سوننەوە هەیە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل