حكوومەتی سووریا هێز لە حەلەب كۆ دەكاتەوە

:: PM:09:25:22/12/2025 ‌

ئەمڕۆ دووشەم هاوكات لەگەڵ سەردانیكردنی شاندێكی باڵای توركیا بۆ دیمەشق و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا، هەردوولا رایان گەیاند كە دەبێت هەسەدە هێزەكانی لەگەڵ سوپا و هێزە تەناهییەكانی سووریا تێكەڵ بكاتەوە، شەڕ و بۆردمان لە گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب دەستی پێ كرد و تا ئێستە گرژییەكان بەردەوامن و روو لە پەرەسەندنی زیاترن.

ئەمڕۆ هەسەدە هێزەكانی سەر بە حكوومەتی سووریای بە هێرشكردنە سەر خاڵێكی تەناهی لە حەلەب تۆتبار كرد، دووپاتی كردەوە هێرشەكە هەڕەشە لە ئاسایشی شارەكە و سەلامەتیی هاووڵاتییان دەكات، بۆیە حكوومەتی دیمەشق بەتەواوەتی لە هێرشەكە بەردەوامە كە ناتوانێت كۆنترۆڵی میلیشیاكانی بكات، لە بەرانبەر هێرشەكانیش خەڵكەكە و ئاسایش رووبەڕوویان دەبنەوە و هەموو رێوشوێنێك بۆ خۆپاراستن دەگرنە بەر.

بەپێی سەرچاوەكانی روانگەی مافی مرۆڤی سووریا دۆخی ناوچەكە لە پەرەسەندنی زیاترە، ئەمشەو هێزەكانی حكوومەتی سووریا تانك و چەكی قورسیان هێناوەتە دەوروبەری هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، ئەوەش لەگەڵ بۆردمانێكی چڕی دوو گەڕەكەكە و شێواندنی دۆخی مرۆیی تیایان، بەپێی زانیارییەكان پێوەندی و خزمەتگوزارییەكان لەسەر ئەو دوو گەڕەكە بڕدراوە و تا ئێستەش بۆردمانكردنیان بەردەوامە.

لە لایەكی تر هەر ئەمشەو خەڵكی شارەكانی قامیشلۆ و كۆبانی و عەفرین و شەهبا لە ناوچەكانی جەزیرە و فورات، پاڵپشتیی خۆیان بۆ خەڵكی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب دەربڕی بەرانبەر بەو هێرش و بۆردمانەی لە لایەن حكوومەتی كاتیی سووریا دەكرێتە سەریان، ئەوان سەركۆنەی هێرشەكانیان كرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ بەرگریكاری ئەوان پێشان دا.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل