ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا كۆبووەوە و چەند بابەتێكی گرنگی تاوتوێ كرد، لەوانە داماڵینی چەكی میلیشیاكان و هێشتنەوەی چەك لای دەوڵەت، هێزەكانی ناو چوارچێوەكە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێشتنەوەی چەك تەنیا لای دەوڵەت دووپات كردەوە.
ئەمشەو
چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەی ژمارە 255ی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی شێخ هومام حەموودی لە بەغدا ساز كرد، بەپێی بەیاننامەی چوارچێوەكە، لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆی قووڵ لەبارەی چەند پرسێك كرا، لەوانە پەلەكردن لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بەپێی دەق و وادە دەستوورییەكان.
جیا لەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی لە هەڵوێستی نەگۆڕی پاڵپشت بۆ هێشتنەوەی چەك تەنیا لای دەوڵەت كردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی تەواوی نیشتمانی و لە رێگەی میكانیزمێكی روونی یاسایی و بەو شێوەی سەروەری دەوڵەت بەهێز بكات و ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت و خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای وڵات بكات.
شایەنی باسە چەند رۆژێكە بابەتی داماڵینی چەكی میلیشیاكان بووەتە بابەتی رۆژ لە عێراق، كاتێك ژمارەیەك لە میلیشیاكان كتوپڕ پاڵپشتیی خۆیان بۆ داماڵینی چەك و هێشتنەوەی تەنیا لای دەوڵەت راگەیاند، كە پێشتر رەتیان دەكردەوە، شارەزایان ئەو هەنگاوەیان بۆ گوشارەكانی ئەمەریكا و تەكتیكێك بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەكە و پێشاندانیان خواستی گۆڕانیان لە گرووپی چەكدارییەوە بۆ قەوارەی سیاسی گەڕاندەوە.