یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكایەتیی حكوومەت و كۆمار و پەرلەمان لە عێراق ئەستەم بووە

:: AM:09:21:23/12/2025 ‌
چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیتوانی كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا بكاتەوە، سوننەكانیش تا ئێستە كاندیدی پەرلەمانیان بۆ دەستنیشان نەكراوە و كوردیش لەسەر كەسێك بۆ سەرۆكی كۆمار رێكنەكەوتوون.

ئەگەرچی مانگێك زیاترە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كراوە و بڕیار بوو لەم مانگەدا هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق یەكلا بكرێتەوە و كابینەی نوێی حكوومەت پێكبهێنرێت، بەڵام نە كورد و نە سوننە و شیعەش تا ئێستە نەیانتوانیوە كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكان یەكلا بكەنەوە.

ئەمشەو جارێكی تر دوای هەوڵێكی زۆر، سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوە و كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانیان بۆ یەكلا نەكرایەوە.

دوێنێ شەو سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی هومام حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق كۆبوونەوە، تێیدا میكانیزمەكانی هەڵبژاردنی ئەو كەسایەتییەی كە پۆستی سەرۆكایەتیی حكوومەتی داهاتووی عێراق وەردەگرێت، تاوتوێ كرد.

سەركردە شیعەكان شەوی دووشەم كۆبوونەوە و ئاماژەیان بەوەش كرد، لە كۆبوونەوەكەدا نامە و دەستپێشخەریی هێزەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكە، بە وردی تاوتوێ كرا كە بە ئاراستەی بەپەلەكردن لە یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران لە وادەی دەستووری دیاریكراودا پێشكەش كرابوون.

بەڵام سەرچاوەیەك لە ناو كۆبوونەوەكە بە ئاژانسی عێراقییەی گوتووە، ئێستە یەكلاكردنەوەی كاندیدێك ئەستەم بووە و هەمووان خۆیان بەوە دەزانن كە شایانی سەرۆك وەزیران بن.

لەلایەكی تریشەوە سوننەكان دوای چەند كۆبوونەوەیەك، هێشتا نەیانتوانیوە كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێرن و بەپێی زانیاریی راگەیاندنەكان، سەركردەكان گەلێك لێكەوە دروون و تەنانەت لە كۆتا كۆبوونەوەش دەمەقاڵێیان كردووە.

كورد كە پۆستی سەرۆكی كۆماری بەردەكەوێت، تا ئێستە كەسێكی دیاریكراویان دەستنیشان نەكردووە، پارتی و یەكێتیش هیچ گفتوگۆیەكی رژدیان لەسەر كەسێك نەكردووە، پارتی پۆستەكە بەهی كورد دەزانێت و یەكێتیش بەهی خۆی.



وشە - سۆران عەزیز