شاندی پارتی لە بەغدا لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆ دەبێتەوە

:: PM:08:09:23/12/2025 ‌

ئەمڕۆ شاندێكی باڵای دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە بەغدا و چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی كەوت، دووپاتیان لە پەلەكردن لە تەواوكردنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و پڕكردنەوەی پۆستەكان لە وادەی دەستووری خۆی كردەوە، ئەوە لەو كاتەی بڕیارە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە 29ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەم محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی لە شاندی باڵای پارتی بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی كرد، ئەوان باسی دۆخی وڵات و گرنگی یەكخستنی هەڵوێستەكان و كاركردنیان بە دیدێكی هاوبەش كردەوە، دووپاتیان لە پەلەكردن لە تەواوكردنی بەركەوتە دەستوورییەكان لە وادەی دیاریكراوی خۆی بەمەبەستی جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازی و پەرەپێدەرەكان كردەوە.   

هەر ئەمڕۆ شاندی پارتی بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی لەگەڵ عەبدولحوسێن مووسەوی سەرۆكی هاوپەیمانی نەهجی وەتەنی و شێخ هومام حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق و عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییەكان كۆ بووەوە و باسی چەند پرسێكی گرنگیان كرد، لەوانە پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی سێ سەرۆكایەتییەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆی و باسی گرنگیی چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدایان بە گفتوگۆ و لێكگەیشتنی نیشتمانی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا كردەوە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل