بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشد دراوە و سوودانیش بە دەوڵەمەندكردنی ئەو گرووپانە تۆمەتبار دەكرێت

:: AM:09:02:24/12/2025 ‌
عێراق بەناچاری داواكانی ئەمەریكا لە بابەتی میلیشیاكان و پێوەندیی ئێران جێبەجێ دەكات، سەركردەیەكی دیاری شیعەكان رای گەیاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان دراوە.

ئەمەریكا سوورە لەسەر ئەوەی گرووپە چەكدارە شیعییەكان هەڵبوەشێرنرێتەوە و بۆ ئەمەش بەچەندان شێوە فشاری لە عێراق كردووە، هاوكات سوورە لەسەر ئەوەی كە دەبێت پێوەندییە ئابووری و سیاسییەكانی لەگەڵ ئێران كەم بكاتەوە.

ئەوس خەفاجی سەركردەی حەشدی شەعبی رای گەیاند، هەموو سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەتەوە و ئەو بابەتەی ئەمەریكایان بەهەند وەرگرتووە.

گوتیشی، بۆ سەركردەكان و حزبەكان و عێراقیش وا باشە كە داواكانی ئەمەریكا جێبەجێ بكرێت، بەڵام هەندێك شت هەیە كاتی دەوێت و پێویستی بەوردەكاریی هەیە، بەتایبەتی كۆتاهێنان بەهێزەكانی حەشدی شەعبی.

خەفاجی بۆ كەناڵێكی سەربە مالیكی ئەوەشی گوت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو هێزە چەكدارەكانی حەشدیان داوە، بەڵام بەشێنەی جێبەجێی دەكەن، ئەوەش لەبەرئەوەی جەماوەر تووڕە نەبن، بەڵام بڕیار دراوە و ئەو هێزانە نامێنن.

باسی لەوەش كرد، هەموو سەركردەكان لەگەڵ ئەوەن پێوەندییەكان لەگەڵ ئێران سنووردار بكرێت، بۆ ئەوەش كابینەی داهاتوو بڕیارەكان لەبارەی ئێران جێبەجێ دەكات.

خەفاجی نەیشاردەوە كە بڕیارەكە بۆ سەركردەكان قورسە، بەڵام ناچارییە، بۆیە بەشێنەیی جێبەجێیان دەكەن، سەرەتا بڕیاری بابەتە ئابوورییەكان وەك كارەبا و غاز لە ئێرانەوە رادەگیرێت، دواتر زۆر شتی تر لەگەڵ ئێران كۆتایی پێ دێت.

ئەو سەركردەیەی شیعە گوتی، هەموو ئەو هێزانە وەك ئەمەریكا داوای كردوون نامێنن و دەچنەوە ناو وەزارەتی بەرگری و هیچ میلیشیایەك لە عێراق نامێنێت، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵكیان لێ تووڕە نەبێت، لە راگەیاندن هەندێك قسەی جیاواز دەكەن و هەندێكیش خۆیانی لێ بێدەنگ دەكەن، لە كۆتاییدا ئەوەی هەیە ئەوەیە كە هێزەكانی حەشد كاریان تەواو بووە.

سەرەتا ئەو گرووپانە وەك هێزێكی خێرای بەرگری بۆ شەڕی داعش دروست بوون، بەڵام دواتر بوونە گەورەترین هێز و زۆرترین دەسەڵاتیان لە عێراق وەرگرت.

پەیمانگەی واشنتن ڕای دەگەیەنێت، واشنتن لە نزیكەوە چاودێری هەژموونی حەشدی شەعبی دەكات لە عێراق، ژمارەی چەكداری ئەو هێزانە گەیشتوونەتە نزیكی 500 هەزار كەس، بارتەقای سوپای عێراق دەبن و دەسەڵاتیان زۆر لە سوپا گەورەترە.

    پەیمانگای واشنتن بڵاوی كردووەتەوە، "سوودانی لە ژێر فشاردا لە ساڵانی رابردوو چەندان بڕیاری بۆ بەرژەوەندیی ئەو گرووپانە داوە، بۆ نموونە رەزامەندیی پێشان دا لەسەر دامەزراندنی "كۆمپانیای موهەندیس"، نزیكەی 70 ملیۆن دۆلاریشی وەك سەرمایە لە بودجەی گشتی عێراق بۆ تەرخان كردووە.

  ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم كۆمپانیایە بەڵێندەرایەتییە كە حەشدی شەعبی بەڕێوەی دەبات، ئێستە بووەتە خاوەنی دەیان ملیار دۆلار. توانیویەتی لەم ساڵانەدا گرێبەستی ملیاران دۆلاری بباتەوە لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی پڕۆژەكانی حكوومەت بەبێ ‌بوونی ركابەری، هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران و كۆمپانیای "خاتەمی ئەنبیا" مامەڵەیان كردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، حكوومەتی عێراق زەوییەكی فراوانی داوە بە "كۆمپانیای موهەندیس" گوایە بۆ چاندنی درەخت تەرخانی دەكات، لە بنەڕەتدا زەوییەكە بۆ كشتوكاڵ گونجاو نییە و لە نزیك سنووری ئوردن و سعوودیە". گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئەو زەوییە بۆ حەشدی شەعبی و ئەگەری دامەزراندنی بنكە و پێگەی نوێ‌ بۆ ئەو میلیشیایانە لەو ناوچانە، هەموی لە سەردەمی سوودانیدا كراوە، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانیی ئوردن و سعوودیە.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگەكە، "هاوشانی ئەو گەشە ئابوورییە حەشد لە سەردەمی سوودانیدا كردوویەتی بێوێنەیە، ژمارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی زیادیان كردووە، بەجۆرێك تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا 100 هەزار چەكدار زیادیان كردووە.



وشە - سۆران عەزیز