پشتیوان سادق: كاری زۆر كراوە و چاوەڕێ دەكەین مانگی یەك حكوومەت پێكبهێنرێت

:: PM:03:46:24/12/2025 ‌
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕای گەیاند، لە دوای پشووەكانی سەری  ساڵ، گفتوگۆكان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستانەوە دەست پێ دەكەنەوە و ئاشكرای كرد، لەوبارەیەوە كاری زۆریان كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ی كانوونی یەكەم، پشتیوان سادق ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی هەولێری پارتی، لە لێدوانێكی ڕۆژانامەوانیدا ڕای گەیاند: "ئێمە هەمیشە باوەڕمان بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن هەیە. پێویستە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەموومان یەكدەنگ بین، بۆ ئەوەی ئەو دەستكەوتانەی لە هەرێمی كوردستان هەن بیپارێزین و هاوكات هەوڵی بەدەستهێنانی مافی زیاتر بدەین لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا." 

لەبارەی كابینەی نوێوە گوتی: كاری باش كراوە، بەتایبەتی لە نووسینەوەی ستراتیج و دیدگەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان. ئەو بابەتانەی كە ماونەتەوە هەندێك وردەكارین كە هیواخواز بووین پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆتاییان پێ بێت، بەڵام بەداخەوە بەبێ هیچ هۆكارێك نەتوانرا یەكلا بكرێنەوە."

پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەش دا: "بە ئومێدێكی گەورەوە دەڕوانینە ئایندە و دوای سەری ساڵی نوێ، چاوەڕێ دەكەین لە مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو كابینەی 10ی حكوومەتی هەرێم پێكبهێنرێت.



وشە - سۆران عەزیز