توندڕۆكانی ئێران هەوڵی پزیشكیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا شكست پێ دێنن

:: PM:05:59:24/12/2025 ‌

لە دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی پێشووی ئێران لە رووداوی تێكشكانی هەلیكۆپتەرەكەی، هەڵبژاردن كرا و عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران پاڵپشتیی لە مەسعوود پزیشكیانی ریفۆرمخواز كرد بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، لە دوای هاتنی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی و پیادەكردنی سیاسەتی سزادان و هێرشەكەی ئیسرائیل، پزیشكیان هەوڵ دەدات كێشەكان لەگەڵ واشنتن بە گفتوگۆ چارەسەر بكات.

سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرای كرد كە حاڵەتێكی بەریەككەوتن لە نێوان پزیشكیان و رەوتی هەڵۆكانی نزیك لە خامنەیی لەناو رژێمی ئێران هەیە، هۆكارەكەی بۆ هەوڵی سوپای پاسدارانە بۆ شكستهێنان بە هەوڵی پزیشكیان بۆ دروستكردنی كەناڵێكی گفتوگۆی راستەوخۆ و نهێنی لەگەڵ واشنتن. 

بەپێی سەرچاوەكە كە ناسنامەی ئاشكرا نەكردووە، ئەو هەواڵە دزەكراوانەی دوایی لەبارەی بوونی ناكۆكیی ناوخۆیی لە تاران، بەتایبەتی لە نێوان سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە، بەهۆی هەوڵی تیمێكی سەر بە پزیشكیان بۆ دروستكردنی كەناڵێكی پێوەندیی ناراستەوخۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ئیدارەكەی سەری هەڵداوە، كاتێك لە پەرلەمان بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری گوشار خرایە سەر حكوومەتی پزیشكیان و هەڕەشەی وەرگرتنەوەی متمانەی لێ كرا.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، لە چەند مانگی رابردوو پزیشكیان دەستی كردووە بە خۆشكردنی رێگە بۆ گفتوگۆیەكی راستەوخۆ و نزیك لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، رێگە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بكاتەوە رێگە بە ئێران بدرێت كە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی تا ئاستێكی سەلامەت هەبێت و گەرەنتیی ئاشتییانەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بدات، لە بەرانبەر دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ لابردنی سزاكانی سەر ئێران بە هەنگاو.

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە لە سەردەمی پزیشكیان چەندان كەناڵی ناراستەوخۆی پێوەندی لەگەڵ ئیدارەی ترمپ بە ئاگەداری خامنەیی كراوەتەوە، بەڵام هەموو هەوڵەكان لە لایەن كارەكتەرە توندڕۆكانی رژێمەكە زوو لێیان دراوە، لەوانە لە رێگەی دزەپێكردن زانیاریی هەواڵگری بەوەی تاران هەوڵی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی یان بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەدات، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵی میدیایی بە دیاریكردنی مەرجی سەخت بۆ گەیشتن بەهەر رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئەمەریكا، هەموو ئەوانەش بۆ داخستنی رێگە لەبەردەم هەر نزیكبوونەوەیەك لەگەڵ واشنتن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل