لە ماوەی چەند رۆژی دوایی پرسی داماڵینی چەكی میلیشیاكان لە لایەن خودی ئەو میلیشیایانەوە گەرم كرا، كاتێك ژمارەیەكیان پاڵپشتیی خۆیان بۆ داماڵینی چەك و هێشتنەوەی تەنیا لای دەوڵەت راگەیاند و ژمارەیەكی تریان رەتیان كردەوە، بینە و بەردەیەكیان لە راگەیاندن دروست كرد، شارەزایان گومانیان لە بابەتەكە هەیە، راپۆرتێك پێی وایە ئەوان بە مەبەستی سووككردنی گوشارەكانی ئەمەریكا و مانەوەیان لەناو حكوومەت ئەو بابەتەیان كردەوە.
وەك لە راپۆرتێكی رۆژنامەی "
زە ناشیۆناڵ"ی بەریتانی هاتووە، سەرچاوەیەكی باڵای سیاسیی عێراقی ئاماژەی كردووە كە هەڵوێستی دوایی هەندێك لە میلیشیاكان لەبارەی داماڵینی چەك و تەنیا هێشتنەوەی لای دەوڵەت، راستەوخۆ پێوەندیی بە هاتنی مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق هەیە، بە مەبەستی كەمكردنەوەی گوشارەكانی واشنتن لەوبارەوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی گوت، ئەو ئاماژانەی میلیشیاكان پێوەندیی بە لابردنی دۆسیەكە لەسەر مێزی گوشارەكان و لابردنی سەرنجی ئەمەریكا بۆ سەر بابەتی تر دێت، بۆیە ناكرێ وا خوێندنەوەیان بۆ بكرێت كە هەنگاوێكی راستەقینەن بۆ داماڵینی چەك، بەپێی رۆژنامەكە ئەو قسانە دووپات لەو گومانە دەكەنەوە كە لە عێراق هەن سەبارەت بە ئامادەیی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ دەستبەرداربوون لە چەكەكانیان، لەناو زیادبوونی داواكاریی ئەمەریكا و بینە و بەردەی سیاسیی ناوخۆیی و رەتكردنەوەی بابەتەكە لە لایەن هەندێك لە میلیشیاكانەوە.
مونقیز داغر توێژەر پێی وایە خستنەڕووی بابەتەكە لە لایەن میلیشیاكان لەو كاتە بە مەبەستە، چونكە بە سەركردە سیاسییەكانی عێراق گوتراوە هیچ وەزیرێك لە حكوومەتی نوێ قبووڵ ناكرێت كە پێوەندییان بە میلیشیاكانەوە هەبێت، لەدەستدانی وەزارەتەكانیش واتە لەدەستدانی پارە و دەسەڵات.