هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە"، رای گەیاند كە بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە هەڵمەتێكی تەناهی لە یەكشەمی رابردوو، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لە دەشتی رۆژئاوای دێر زوور پووچەڵ كردووتەوە و شانەیەكی رێكخراوی داعشیشیان گرتووە.
ناوەندی میدیایی هەسەدە لە یەیاننامەیەك رای گەیاند، تیمی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان و هێزەكانی كۆماندۆ، ئۆپراسیۆنێكی ورد و تۆكمەی تەناهیان بۆ ئاشكراكردنی شانەیەكی تیرۆریستی ئەنجام دا، كە پلانیان بەدەستەوە بوو بۆ ئەنجامدانی چەند تەقینەوەیەك لە ناوچەكە، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو پووچەڵ كرایەوە و شەش ئەندامی شانەكە گیران، بێ هیچ زیانێكی گیانی لە ریزی هێزە بەشدارەكان.
بەپێی بەیاننامەكە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەریان خست كە ئەندامانی شانە تیرۆریستییەكە لە گواستنەوە و دابەشكردنی تەقەمەنی و دروستكردنی بۆمبی چێنراو و ئامادەكردنی ئۆتۆمبێلی چێنراو بە تەقەمەنی تێوەگلاون، ئەوەش بە مەبەستی كردنەئامانجی پێگە سەربازییەكانی هەسەدە و دامەزراوە مەدەنی خزمەتگوزارییەكان وەك هەوڵێك بۆ شێواندنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەكە.
هەسەدە دووپاتی كردەوە كە بەهۆی هەڵمەتەكەوە پلانێكی مەترسیداری تیرۆریستی پووچەڵ كرایەوە و بووە هۆی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ژێرخانی ناوچەكە لە زیانی گەورەی گیانی و مایەكی، هێزەكانیان لە خۆسازدانی زیاتر و راوەدوونانی شانەكانی داعش بەردەوامن و بە توندی رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەكی تەناهی لە ناوچەكە بۆ سەر سەلامەتیی هاووڵاتییان دەبنەوە.