داعش لە كەركووك دەركەوتەوە

:: AM:11:22:25/12/2025 ‌
هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق بڵاوی كردەوە، لە كەركووك لەسەر دیواری قوتابخانەیەك پروپاگەندەی داعش نووسراوە و بەو بۆنەوە دوو كەسیان گرتووە.

بەپێی راگەیەنراوەكەی هەواڵگریی عێراق، هێشتا داعش چالاكییان هەیە و پروپاگەندە بۆ خۆیان دەكەن.

هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق بڵاوی كردەوە، دوای چاودێرییەكی وردی هەواڵگری و تەكنیكی، هێزێكی دژەتیرۆریان لە پارێزگای كەركووك لە  ئۆپراسیۆنێكدا دوو تۆمەتباریان گرتووە، كە دروشم و پڕوپاگەندەیان بۆ داعش لەسەر دیواری یەكێك لە قوتابخانەكانی كەركووك نووسیبوو.
 
لەسەر دیواری قوتابخانەكەی كەركووك نووسراوە، "دەولە ئیسلامییە بەردەوامە"، ئەمەش هێزەكانی عێراقی لە پارێزگاكە خستە ئینزارەوە. 
 
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، "لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا، تۆمەتبارەكان ددانیان بەوەدا نا كە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پێوەندییان بە رێكخستنەكانی داعشەوە كردووە، وەك دەردەكەوێت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بووە شوێنی چالاكیی ئەو رێكخراوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەو دوو گیراوە بەهیوا بوون رۆژانی دواتر چالاكیی تیرۆریستی لە سنوورەكەدا ئەنجام بدەن.

داعش هێشتا لەو ناوچانە چالاكە و بەشێكیشی بەهۆی ئەوەیە ئەو ناوچانە دەكەونە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە و بەردەوام چۆڵن، ئەو رێكخراوە تێیدا جووڵە دەكات.
 



وشە - سۆران عەزیز