چاوەڕوان دەكرێ هەسەدە و دیمەشق بەر لە كۆتایی ساڵ بگەن بە رێككەوتن

:: PM:04:58:25/12/2025 ‌

دوای ئەوەی هەسەدە و دیمەشق لە 10ی ئاداری رابردوو رێككەوتنێكی هەشتخاڵیان بۆ رێكخستنەوەی پێوەندیی نێوانیان واژوو كرد، لەوانە یەكخستنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سووریا و یەكخستنەوەی ئیداری ناوچەكانی ژێر دەستی هەسەدە لەگەڵ دیمەشق، بەڵام تا ئێستە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، بەپێی زانیاریەكان بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ هەردوولا بە گوشاری ئەمەریكا بە رێككەوتن بگەن.

كەناڵی "تەلەڤزیۆنی سووریا" لە سەرچاوەیەكی گواستەوە، پێشبینی دەكرێت دیمەشق و هەسەدە لە چەند رۆژی داهاتوو لەسەر یەكخستنی هێزە سەربازییەكان بگەن بە رێككەوتن، كاتێك واشنتن گوشارێكی زۆری خستووەتە سەر هەردوولا بە مەبەستی واژووكردنی رێككەوتنەكە بەر لە كۆتای ئەمساڵ، بۆیە پێشبینی دەكرێت رێككەوتنەكە لە نێوان 27 و 30ی ئەم مانگە لە دیمەشق بێتە راگەیاندن، وەك ئاژانسی "تاس"ی رووسی بڵاوی كردەوە.   

كەناڵەكە ئاماژەی كرد كە ئێستە هەردوولا چەند خاڵێكی ناكۆك تاوتوێ دەكەن، لەوانە چوونی هێزەكانی حكوومەتی سووریا بۆ ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا و دیاریكردنی پۆستەكانی هەسەدە لە ناو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا و میكانیزمی وەرگرتنی بڕیارە سەربازییەكان و پێكهاتەی ئیداری فرقەكانی هەسەدە و دابەشكردنی ئەرك و دەسەڵاتەكان لە نێوان هەسەدە و وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی سووریا.

بەپێی كەناڵەكە هەسەدە دەستی بە دامەزراندنی دوو لیوای سەربازی گرتووە، یەكەمیان بۆ ژنان بە سەركردایەتییەكی جیاواز و سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا دەبێت، دووەم تایبەت دەبێت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل