شاندی پارتی لە بەغدا لەگەڵ فایەق زێدان كۆ دەبێتەوە

:: PM:06:29:25/12/2025 ‌

دوای ئەوەی سێشەمی رابردوو شاندی باڵای دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە بەغدا، شاندەكە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەردەوامە، ئەو جموجۆڵەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە 29ی ئەم مانگە.

بەپێی بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەم فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنەكە پێشوازی لە شاندی باڵای دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی پارتی كرد و تاوتوێی چەند پرسێكی هاوبەشیان  كرد، جیا لە بەهێزكردنی هاریكاری و هاوئاهەنگی لە نێوان دەسەڵاتە دەستوورییەكان بەو شێوەی ببێتە بەهێزكردنی سەروەریی یاسا.

بەیاننامەكە روونی كردەوە، لە دیدارەكە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان ستایشی هەوڵەكانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كرد لە چەسپاندنی دادوەری و بەهێزكردنی سەقامگیریی دامەزراوەیی لە عێراق.

شایەنی باسە شاندی پارتی جگە لە فازڵ میرانی كە سەرۆكی شاندەكەیە، لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، ئومێد سەباح ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا پێك هاتووە و ئامانجی سەردانی شاندەكە گفتوگۆیە لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و پۆستەكانی كورد و ناوچە كێشە لەسەرەكانی مادەی 140 و بودجە و مووچەی كوردستان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل