چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دوا دەخات

:: PM:07:02:25/12/2025 ‌

لە دوای راگەیاندن و پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقەوە تا ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە چەند كۆبوونەوەیەكی ساز كردووە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام بەهۆی كێبەركێ و سازشنەكردن بۆ یەكتر، هاوكات گوشارەكانی ئێران و ئەمەریكا نەیانتوانی یەكلای بكەنەوە، بۆیە بابەتەكەیان بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكەكانی پەرلەمان و كۆماری دوا خست.

مەحموود حەیانی سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند، هێشتا زووە بۆ بابەتی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و ماوەی دەستووری پێویست بۆ دیاریكردنی ماویەتی و پێویست بە پەلەكردن لە خستنەڕووی ناوەكان یان بەكلاكردنەوەی لە ئێستەوە ناكات.

روونی كردەوە، پرۆسەی سیاسی بەپێی دەقە دەستوورییەكان بەڕێوە دەچێت، هێشتا كاتێكی زۆر لەبەردەم هێزە سیاسییەكان ماوە بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، كاری لەپێشینەی ئێستە تەواوكردنی پۆستەكانی ترە، بۆیە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكەوێتە دوای كۆتاهاتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ئینجا سەرۆك كۆمار، بەو پێیەی دوو وێستگەی سەرەكین و دەكەونە پێش دیاریكردنی سەرۆك وەزیران بەپێی دەستوور. 

ئەو سەركردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی كردەوە كە چوارچێوەكە بە گیانێكی بەرپرسیارانە و سازان مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیە دەكات، دوور لە گوشاری میدیایی یان پەلەكردنی سیاسی، هەر بڕیارێكیش لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەسەر بنەمای لێكگەیشتنی نیشتمانی و بەرژەوەندیی باڵای وڵات دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل