عێراق لیژنەیەك بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان پێك دێنێت

:: PM:07:45:25/12/2025 ‌

لە ماوەی دوایی، بەتایبەتی لە دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، كتوپڕ بابەتی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی تەنیا لای دەوڵەت لە لایەن ژمارەیەك میلیشیای توندڕۆی شیعە هاتە بەر باس و ئەوان رایان گەیاند كە پاڵپشتی لێ دەكەن، لە ماوەی دواییش چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە پێشان دا، بەپێی سەرچاوەكان عێراق لیژنەیەكی دادوەری بۆ داماڵینی چەك پێك دێنێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداری سیاسی، لیژنەی داماڵینی چەك لە دوای كۆتاهاتنی لێكگەیشتنی كۆتایی لەبارەی پێكهاتنی حكوومەتی نوێ پێك دەهێنرێت، راستەوخۆ دەسەڵاتی چاودێریكردنی دۆسیەی چەكی بێ مۆڵەتی دەبێت، لەوانە چەكی ناوەند و قورس و درۆن و هەر لایەنێكیش كە پابەندی بە داماڵینی چەك رەت بكاتەوە رەوانەی دادگای دەكات. 

بەپێی زانیارییەكان لیژنەكە لە نوێنەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و حەشدی شەعبی و دەسەڵاتی دادوەری پێك دێت، بە شێوەیەك چەترێكی جێبەجێكاری و یاسایی تەواوی دەبێت، فازڵ ئەبو رەغیف شارەزای تەناهی دەڵێت، بەستنەوەی دۆسیەی داماڵینی چەك بە دادوەری، خاڵێكی گرنگە، چونكە بابەتەكە لە گوشارە سیاسییەكان دەباتە سەر رێگایەكی یاسایی و بواری خۆدزینەوە لەبەردەم میلیشیاكان تەسك دەكاتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل