بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی خۆی ساز بكات و لەو دانیشتنە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی دیاری دەكرێن، سەرۆكی پەرلەمان پشكی سوننەیە و ئەوان تا ئێستە دوو كاندیدیان بۆ پۆستەكە هەیە، هەوڵ دەدەن شەمووی داهاتوو یەكێكیان دیاری بكەن.
فەیسەل عیساوی ئەندامی هاوپەیمانی عەزم رای گەیاند، بڕیارە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی شەمووی داهاتوو كۆ ببێتەوە، وەك دوایین كۆبوونەوە بەر لە دانیشتنی پەرلەمان، بۆ دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، هەوڵ دەدرێت بۆچوونەكان لەیەكتر نزیك بكرێنەوە و یەك كاندید دیاری بكرێت.
روونی كردەوە، ئەگەر لەو كۆبوونەوە رێككەوتن نەكرا، بە دوو كاندید دەچینە ناو دانیشتنی پەرلەمان، ئەوانیش محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم و موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمن، لەو حاڵەتە پۆستەكە لەناو پەرلەمان یەكلا دەبێتەوە لە رێگەی دەنگدانی ئەندامان و ئەوەی زیاتر لە 169 دەنگ بەدەست بێنێت دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان.
عیساوی دووپاتی كردەوە، دوای یەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، پۆستەكانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكوومەتیش یەكلا دەبنەوە، بۆیە هیوادارین لە كۆبوونەوەی شەمووی داهاتوو كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان یەكلا ببێتەوە.