ئیسرائیل: هێرشکردنە سەر ئێران "قورتاربوون نییە لێی"

:: AM:09:39:26/12/2025 ‌
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل هۆشداری دەدات و ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر ئەمەریکییەکان نەتوانن بە ڕێککەوتن بەرنامەی مووشەکیی تاران سنووردار بکەن، ئەوا هێرشکردنە سەر ئێران "كەسیشی لێ قورتار نابێت".

ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەکەم، ماڵپەڕی "Ynet"ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازییەوە بڵاوی کردەوە، بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەمی داهاتوو لە دیدارێکدا زانیاریی هەواڵگریی مەترسیدار دەداتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا.

بەرپرسەکە ئاشکرای کردووە، هەڕەشەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران زۆر مەترسیدارە و ئەگەر بە ژمارەیەکی زۆر ئاراستەی ئیسرائیل بکرێن، "زیانەکەی هاوشێوەی کاریگەریی بۆمبێکی ئەتۆمیی بچووک دەبێت"، بۆیە ئەگەر دیپلۆماسیەت شکست بێنێت، ئیسرائیل ناچارە جووڵە بکات.

ڕۆژنامەی "مەعاریڤ" ئاماژەی بەوە داوە، سەرکردایەتیی سوپای ئیسرائیل لەم ڕۆژانەدا هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدات، چونکە نایانەوێت ئێرانییەکان وا تێبگەن هێرشەکە نزیکە و ئەوان دەستپێشخەری بکەن بۆ هێرشی پێشوەختە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل، ئێران دوای جەنگی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو کە 12 ڕۆژی خایاند، ئێستە خاوەنی نزیکەی هەزار و 500 مووشەکە (پێشتر سێ هەزار مووشەکی هەبوو)، هەروەها خاوەنی 200 سەکۆی هەڵدانە لە کۆی 400 سەکۆ کە پێشتر هەیبووە.

لای خۆیەوە ئەبو فەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕای گەیاندووە، تواناکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر سیناریۆیەک ئامادەیە و بەشێکی زۆری چەکەکانیان "هێشتا بەکار نەهێناوە".


وشە - پۆڵا مەحموود