رزگاربووانی مزگەوتەكەی حومس: كەسێك "اللە اكبر"ی كرد و خۆی تەقاندەوە

:: PM:02:45:26/12/2025 ‌
رزگاربووانی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شاری حومس، ڕاستیی ڕووداوەكە ئاشكرا دەكەن و ڕای دەگەیەنن، هێرشەكە "خۆكوژی" بووە نەك بۆمبی چێنراو، هاوكات وەزارەتی تەندروستیی سووریا ئاماری نوێی قوربانییانی بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەكەم، چەند كەسێك لە رزگاربووانی تەقینەوەكەی مزگەوتی "ئیمام عەلی" لە گەڕەکی وادی زەهەب لە حومس، بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"یان ڕاگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی بۆمبی چێنراو دەكەن ڕاست نین.

رزگاربووان ئاشكرایان كردووە، كەسێكی نەناسراو و نامۆ بە خەڵکی گەڕەكەکە، لە ڕیزەكانی پێشەوەی نوێژخوێنان وەستاوە و بەر لەوەی تەقینەوەكە ڕوو بدات، هاواری "اللە اكبر"ی كردووە و خۆی تەقاندووەتەوە.

هاوكات نەجیب نیعسان، بەڕێوەبەری فریاكەوتن لە وەزارەتی تەندروستیی سووریا ڕای گەیاند، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان تا ئێستە شەش كەس گیانیان لەدەست داوە و 21 كەسی تر بریندار بوون.

ئەمە لە كاتێكدایە سەرەتا میدیاكانی سووریا بڵاویان كردبووەوە كە تەقینەوەكە بەهۆی بۆمبێكی چێنراوەوە بووە، بەڵام بەپێی گوتەی شایەتحاڵەكان كردەكە خۆكوژی بووە.


وشە - پۆڵا مەحموود